رۆیتەرز: جەنگ گورزێکی 25 ملیار دۆلاری لە کۆمپانیاکانداوە
بەگوێرەی شیکارییەکی ئاژانسی رۆیتەرز، زیانی دارایی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بۆ کۆمپانیاکانی جیهان گەیشتووەتە نزیکەی 25 ملیار دۆلار و ئەم ژمارەش بەردەوام لە هەڵکشاندایە. هاوکات پەککەوتنی گەرووی هورمز، بازرگانیی جیهانیی رووبەڕووی شۆکێکی گەورە کردووەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتە داراییەکانی ئەو کۆمپانیایانەی لە بۆرسەکانی ئەمریکا، ئەوروپا و ئاسیا تۆمار کراون، لانی کەم 279 کۆمپانیا جەنگەکەیان وەک هۆکاری سەرەکیی بۆ گرتنەبەری رێکاری بەرگریی داناوە؛ لەوانە بەرزکردنەوەی نرخی کاڵاکان و کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان. هەروەها بەشێک لە کۆمپانیاکان دابەشکردنی قازانجیان راگرتووە و داوای هاوکاریی بەپەلەیان لە حکوومەتەکانیان کردووە.
داکشانی پیشەسازی و متمانەی بەکاربەر
مارک بیتزەر، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای (Whirlpool) رایگەیاند، داکشانی ئێستای کەرتی پیشەسازی هاوشێوەی سەردەمی قەیرانی دارایی جیهانییە. ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی گرانبوونی بژێوییەوە، ئێستا بەکاربەران لەجیاتی کڕینی کاڵای نوێ، پەنا بۆ چاککردنەوەی کەلوپەلە کۆنەکانیان دەبەن. ئەم دۆخە تەنیا یەک کۆمپانیای نەگرتووەتەوە، بەڵکو کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک "تۆیۆتا" و "پڕۆکتەر ئاند گامبڵ"یش هۆشدارییان لەبارەی قورسیی تێچووەکانی جەنگ داوە.
هورمز؛ شاڕەگی وزە لەژێر هەڕەشەدا
گەمارۆدانی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، کە هەستیارترین شاڕەگی وزەیە لە جیهاندا، نرخی نەوتی بۆ سەرووی 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرز کردووەتەوە؛ ئەمەش بە رێژەی 50% زیاترە لە چاو پێش دەستپێکردنی جەنگ. داخستنی ئەم رێڕەوە نەک هەر تێچووی گواستنەوەی گران کردووە، بەڵکو دابینکردنی کەرەستە خاوەکانی وەک ئەلەمنیۆم، هیلیۆم و پەینە کیمیاییەکانیشی پەکخستووە.
کەرتی فڕۆکەوانی؛ گەورەترین زیانمەند
زۆربەی ئەو کۆمپانیایانەی زەبرێکی دارایی کوشندەیان بەرکەوتووە، بارەگاکانیان لە بەریتانیا و ئەوروپایە، کە پێشتریش گیرۆدەی گرانیی تێچووی وزە بوون. لە ناو کەرتە جیاوازەکاندا، کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی گەورەترین پشکی زیانەکانیان بەرکەوتووە کە نزیکەی 15 ملیار دۆلارە، ئەمەش بەهۆی دوو هێندەبوونی نرخی سووتەمەنی فڕۆکە. کۆمپانیای "تۆیۆتا"ی یابانی باس لە زیانی 4.3 ملیار دۆلار دەکات و کۆمپانیای "ماکدۆناڵدز"یش دەڵێت بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی کاریگەریی نەرێنیی کردووەتە سەر داواکاریی ئەو بەکاربەرانەی داهاتیان سنووردارە.
ئاسۆیەکی نادیار بۆ قازانجی کۆمپانیاکان
لە کاتێکدا بازاڕە داراییەکان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا تا رادەیەک جێگیر بوون، بەڵام پسپۆڕانی بانکە نێودەوڵەتییەکانی وەک "گۆڵدمان ساکس" پێشبینی دەکەن لە چارەکی دووەمدا فشارەکان لەسەر قازانجی کۆمپانیاکان بگەنە لوتکە. رامی سارافا، سەرۆکی دامەزراوەی "کۆردۆبا" دەڵێت: "ئاسەوارە راستەقینەکانی ئەم جەنگە لەسەر قازانجی کۆمپانیاکان، هێشتا بە تەواوی لە ئەنجامە داراییەکاندا رەنگیان نەداوەتەوە و لە داهاتوودا زیاتر دەردەکەون."