لە سلێمانی پێشانگەیەکی شێوەکاری کرایەوە
لالۆ چیا، هونەرمەندی شێوەکار، یەکەمین پێشانگەی خۆی لەژێر ناوی "چرکە و ئەبەدییەت"، لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی کردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 18ی ئایاری 2026، لالۆ چیا، هونەرمەندی شێوەکار بە کوردستان24ی گوت، "پێشانگەکە پێک هاتبوو لە دوو کۆمەڵە کاری جیاواز کە هەریەکەیان بە شێوەیەکی تایبەت مامەڵە لەگەڵ مردن و واتاکانی دەکەن. لە کۆمەڵەی یەکەمدا، سێ تابلۆ و سێ پێکهاتەی هونەری پێشکەش کران، کە روخساری مردنی لەناکاوی شەش ئاژەڵ لەسەر رێپێکانی زانکۆ و شەقامەکانی سلێمانی وێنا دەکەن. ئەو دیمەنانەی بە شێوەیەکی رۆژانە لەبەرچاوی خەڵک تێدەپەڕن و زۆرجار بەبێ وەستان و بیرکردنەوە تێپەڕ دەکرێن، لێرەدا دەبنە ناوەندی کارێکی هونەری و داوای وەستان و تێڕامان لە بینەر دەکەن."
لالۆ چیا گوتیشی، "لە بەشی دووەمی پێشانگەکەدا، من بە سێ تابلۆی ئەبستراکت چوومە ناو ئاستێکی فیکری و فەلسەفیی دیکە. لێرەدا جەستە و رووداوی فیزیکی مردن نامێننەوە بە ناوەند، بەڵکو پرسیار لە شێوەی قاڵبکردنی مانای مردن دەکرێت؛ ئەوەی چۆن زمان، میدیا و ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتدار دەتوانن مانا و کاریگەری مردن لێڵ بکەنەوە و بیخەنە ناو قاڵبی ئاساییبوون."
ئەو شێوەکارە باس لە گرنگی پێشانگەکە دەکات و دەڵێت، "لە رێگەی ئەم کارانەمەوە، تەنیا باس لە ئاژەڵدۆستی ناکەم، بەڵکو جەخت لەو هاوتەریبییە دەکەمەوە کە لەنێوان مردنی ئەو گیانلەبەرانە و هەستی بێدەسەڵاتی مرۆڤ بەرانبەر مردنی خۆیدا هەیە. ئەو هێزە بێباکەی ژیانی ئاژەڵەکان دەکوتێت، هەمان ئەو هێزەیە کە دەتوانێت بەرانبەر مرۆڤیش بێباک بێت؛ بیرۆکەیەک کە لە ژێر پێستی کارەکاندا بە شێوەیەکی ئارام، بەڵام کاریگەر، هەست پێدەکرێت."
لالۆ چیا ئاماژەی بەوەش دا، "هەروەها کارە ئەبستراکتەکان بە رەنگ و پێکهاتەی سادەتر، هەوڵی دوورکەوتنەوە دەدەن لە دیمەنی راستەوخۆی مردن، بۆ ئەوەی بینەر ناچار بکەن لەسەر خودی چەمکەکە بیر بکاتەوە، نەک تەنیا لەسەر وێنەی جەستە و کۆتایی ژیان."
ئەو پێشانگە شێوەکارییەی لالۆ چیا، ئەمڕۆ دووشەممە، 18ی ئایاری 2026 کرایەوە و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
لالۆ چیا، هونەرمەندی شێوەکار، خەڵکی شاری سلێمانییە. بەشداری چەندین پێشانگەی شێوەکاری هاوبەشی کردووە. بەڵام ئەم پێشانگەیە یەکەم هەنگاوی تاکەکەسییەتی و هەوڵێکە بۆ دروستکردنی کاردانەوە و گفتوگۆ لەگەڵ بینەر.