وەزیری گەنجینەی ئەمریکا مۆڵەتی کڕینی نەوتی رووسیای درێژ کردەوە

وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مۆڵەتێکی گشتیی کاتیی کڕینی نەوتی رووسیا بە مەبەستی رێگەدان بەو وڵاتانەی کە لە رووی وزەوە بێدەسەڵات و هەژارن بۆ ئەوەی دەستیان بەو نەوتە بگات بۆ ماوەی 30 رۆژ درێژ کردەوە

دووشەممە 18ـی ئایاری 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لە هەژماری فەرمیی خۆی رایگەیاند: "ئەم درێژکردنەوەیە نەرمی و کارئاسانیی زیاتر دابین دەکات و ئێمە لەگەڵ ئەو نەتەوانە کار دەکەین بۆ پێدانی مۆڵەتی تایبەت بەپێی پێویستییان. ئەم مۆڵەتە گشتییە یارمەتیدەر دەبێت لە سەقامگیرکردنی بازاڕی نەوتی خاو و دڵنیایی دەدات لەوەی نەوت دەگاتە ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین قەیرانی وزەیان هەیە."

وەزیری گەنجینە ئامانجێکی تری ستراتیژیی ئەم بڕیارەی ئاشکرا کرد و جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی گۆڕینی ئاراستەی دابینکردنی نەوت بۆ ئەو وڵاتانەی پێویستییان پێیەتی، لە رێگەی "کەمکردنەوەی توانای چین بۆ کۆکردنەوە و ئەمبارکردنی نەوتی رووسیا بە نرخی داشکێنراو."

ئەم بڕیارەی واشنتن لە کاتێکدایە کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داخرانی گەرووی هورمز، بازاڕی وزە تووشی شۆک بووە و ئەمریکا هەوڵ دەدات لە رێگەی نەوتی رووسیاوە فشارەکان لەسەر وڵاتە هەژارەکان کەم بکاتەوە، بە مەرجێک چین سوودمەندی سەرەکی نەبێت لە نرخە هەرزانەکان.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ناوەڕاستی مانگی ئاداری ئەمساڵ، مۆڵەتێکی 30 رۆژەی بۆ کڕینی هەندێک لە بەرهەمە نەوتییەکانی رووسیا دەرکردبوو. مۆڵەتەکە لە رۆژی شەممە 11ـی نیسان کۆتایی هات، دواتر وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ 30 رۆژی دیکە مۆڵەتەکەی درێژ کردەوە.