پاریس بەیاننامەیەكی لەبارەی عوسمان دێمبێلێ بڵاوكردەوە

عوسمان دێمبێلێ، هێرشبەری پاریس سانجیرمان
عوسمان دێمبێلێ، هێرشبەری پاریس سانجیرمان

یانەی پاریس سانجێرمان پێکانی عوسمان دێمبلی هێرشبەری یانەکەی پشت راستکردەوە، بەڵام پێشبینی كراوە بۆ یاریی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئارسێناڵ ئامادە بێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 18 ئایاری 2026، ماڵپەری فەرمی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا بڵاویکردووەتەوە عوسمان دێمبلی هێرشبەری یانەکەیان لە یاری بەرامبەر ئێف سی پاریس، لە خولەکی 28 بەهۆی پێکان یاریگای جێهێشت و گۆڕانکارییەکەش وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی بەهۆی هەستکردن بە ئازار لە ماسولکەی قاچی ڕاستیدا لە کاتی یارییەکە بووە، ناوبراو بۆ چەند ڕۆژی داهاتوو لەژێر چارەسەری پزیشکیدا دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە کەناڵی مۆنتی کارلۆی فەڕەنسی بڵاویکردەوە کە پێکانەکەی عوسمان دێمبلی قورس نییە و بۆ یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئارسیناڵ هیچ کێشەیەکی نابێت.
عوسمان دێمبێلێ تەمەن 29 ساڵ، لەم وەرزە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەكان لە كۆی 39 یاری، 19 گۆڵ و 11 ئەسیستی كردووە.