ناشناڵ پارکێک لە هەولێر دروست دەکرێت
پڕۆژەیەکی زۆر گرنگی گەشتیاری و ژینگەیی لە هەولێر دروست دەکرێت، پڕۆژەکە لە سەر رووبەری شەش هەزار دۆنم زەوی لە بەرزاییەکانی سسێنک لە نزیک گوندی هەنارە لە پارێزگای هەولێر دروست دەکرێت.
پڕۆژەی "ناشناڵ پارکی سێنک"، پڕۆژەیەکی گەورەی نیشتمانی، گەشتیاری، کەلتووری و ژینگەدۆستانەیە کە لەسەر ڕووبەری 6000 دۆنم زەوی لەسەر بەرزاییەکانی سێنک جێبەجێ دەکرێت. شوێنی پڕۆژەکە دەکەوێتە چوارگۆشەی نێوان رێگای پیرمام-کۆیە و هەولێر-کۆیە، بە دووری 15 کیلۆمەتر لە باکووری شاری هەولێر.
پڕۆژەکە بە گشتی لە هەشت ناوچەی سەرەکی پێکدێت. یەکێک لە ناوچەکان بریتییە لە ناوچەی سەفاری کە تایبەت دەبێت بە پاراستن و گەشەپێدانی جۆرەها ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و ماڵی لە ژینگەی سروشتی خۆیاندا. ناوچەیەکی دیکە گوندێکی کەلتووری نموونەیی بەرهەمدار دەبێت، کە تەواوی پێکهاتەکانی لەسەر شێوازی گوندێکی سەد ساڵ پێش ئێستا دروست دەکرێت بەمەبەستی پاراستنی دابونەریت، فۆلکلۆر و کەلتووری کوردی.
هەروەها، پڕۆژەکە ناوچەیەکی تایبەت بە گەشتیاری و سەیرانگا لەخۆدەگرێت کە پێکدێت لە چەندین بەنداو، پۆند، دەریاچە و رووبار، لەگەڵ ڕێستۆرانت و شوێنی حەوانەوە و چەندین چالاکی گەشتیاری تر کە هەموویان لەسەر ستایلی سەفاری دیزاین دەکرێن.
بەشێکی تری پڕۆژەکە تەرخانکراوە بۆ کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و باخداری. جگە لەمانە، ناوچەیەکی تایبەت بۆ چالاکییە وەرزشییەکان و بەڕێوەچوونی بۆنە و کۆبوونەوەکان دروست دەکرێت. لەگەڵ ئەمانەشدا شاری گەشتیاری و نیشتەجێبوونی تێکەڵاو بەشێکی سەرەکی دیکەی ئەم پڕۆژە ستراتیژییە دەبێت.