حکوومەتی عێراق رەتیدەکاتەوە لە خاکەکەییەوە هێرش کرابێتە سەر سعوودیە
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر سعوودیە دەکات و رایدەگەیەنێت، بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکار بهێنرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 19ی ئایاری 2026، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، عێراق جەخت لەسەر هەڵوێستی جێگیر و مێژوویی خۆی دەکاتەوە بەرانبەر بە پەیوەندییە بەردەوامەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و سوورە لەسەر پاراستنی ئاسایشی وڵاتانی عەرەبی.
روونیشی کردەوە، حکوومەتی عێراق بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) کرانە سەر سعوودیە.
ئاماژەی بەوەش دا، دامەزراوە سەربازییە پەیوەندیدارەکانی عێراق هیچ زانیارییەکیان لەبارەی بەکارهێنانی ئاسمانی عێراقەوە لەو هێرشانەدا تۆمار نەکردووە. ئەوەشی خستە روو، دامەزراوەکانی عێراق بە تەواوی ئامادەن بۆ هاوکاری و بەدواداچوون لەسەر هەر زانیارییەک پەیوەندی بەو هێرشەوە هەبێت.
گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق بە هەموو شێوەیەک بەکارهێنانی خاک و ئاسمان و ئاوەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ رەت دەکاتەوە.
باسی لەوەش کردووە، هێزە ئەمنییەکان هەموو رێکارێکی پێویستیان گرتووەتە بەر بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر هەوڵێک لەو بارەیەوە بدرێت و هیچ چاوپۆشییەک لەو کەسانە ناکرێت هەوڵی شکاندنی سەروەریی عێراق یان تێکدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعوودیە و دراوسێکان دەدەن.
لە رۆژانی رابردوودا وەزارەتی بەرگریی سعوودیە رایگەیاند، سیستمەکانی بەرگریی وڵاتەکەیان سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان تێکشکاندووە کە لە ئاسمانی عێراقەوە دزەیان کردبووە ناو خاکی سعوودیە.
دوای ئەم رووداوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق و حکوومەتی بەغدا دەستبەجێ هاتنە دەنگ و رەتیان کردەوە ئاسمانی عێراق بۆ ئەو هێرشانە بەکار هێنرابێت.