بە درۆن هێرش کرایە سەر ئوردن

کەوتنەخوارەوەی درۆنێک (ئەرشیف)
کەوتنەخوارەوەی درۆنێک (ئەرشیف)

بە درۆن هێرش کرایە سەر باکووری ئوردن و زیان بەر خانوویەک کەوتووە. 

میدیاکانی ئوردن بڵاویانکردووەتەوە، پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئایاری 2026، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان (درۆن) لە پارێزگای جەرەش لە باکووری ئەو وڵاتە کەوتە خوارەوە.

بە گوێرەی میدیاکانی ئوردن، لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە،  زیان بەر ژمارەیەک خانووی هاووڵاتییانی سڤیل کەوتووە.

تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە، دەسەڵاتدارانی ئوردنیش هیچ وڵاتێکیان تۆمەتبار نەکردووە. 

میدیاکانی ئوردن باسیان لەوەش کردووە، لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان دەستبەجێ دوای رووداوەکە چوونەتە شوێنی مەبەست، و دەستیان بە لێکۆڵینەوە و رێوشوێنی پێویست کردووە بۆ زانینی هۆکارەکانی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە (درۆنەکە) و خەمڵاندنی ئەو زیانانەی لێی کەوتوونەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە میانی جەنگە 40 رۆژەکەی نێوان ئەمریکا ئێسرائیل لە دژی ئێران، دەیان جار بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن) هێرش کراوەتە سەر ئوردن و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی ناوچەکە.