سەرچاوەیەک: لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە رادەستی بەغدا کراوە

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

لیستی مووچەی مانگی پێنج و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە رادەستی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ کراوە. 

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "دوێنێ سێشەممە، 19ـی ئایار، لیستی مووچەی مانگی پێنج و راپۆرتی تەروازی پێداچوونەوە ئامادەکرا و بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئایار، لە بەغدا رادەستی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ کرا".

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، بڕیارە سبەی پێنجشەممە، 21ـی ئایاری 2026، شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات. 

هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، راپۆرتی رادەستکردنی نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ لەم چەند رۆژەدا دەنێردرێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق و پڕۆسەی کۆکردنەوەی داهاتی نانەوتیش بەردەوامە، بەڵام رەنگە دابەشکردنی مووچە پێش هاتنی جەژنی قوربان نەبێت بەڵکوو بکەوێتە دوای جەژن. 

بەهۆی کاریگەری جەنگ و بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق چاوەڕوان دەکرێت بۆ ئەم مانگەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نێوان 60 بۆ 80 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی بنێرێت، بەڵام بۆ ئەو بابەتە هێشتا حکوومەتی عێراق رەزامەندی کۆتایی نەداوە.