لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمان: پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز لە پێشینەی کارەکانمانە
لیژنەی نەوت و گاز و سامانی سروشتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند، هەموارکردن و پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز یەکێکە لە لە پێشینەترین کارەکانیان، بە ئامانجی رێکخستنی دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانە نەوتییەکان.
محەمەد فەرتوسی، ئەندامی لیژنەکە، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: ئەم یاسایە بە یەکێک لە گرنگترین یاساکان دادەنرێت، بەتایبەت کە عێراق بۆ دابینکردنی 90%ی داهاتەکانی پشت بە نەوت دەبەستێت، بۆیە لۆژیکی نییە یاسایەک نەبێت بۆ رێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، و بەڕێوەبردنی پرۆسەی فرۆشتن و گرێدانەوەی بە حکوومەتی ناوەندییەوە.
ئاماژەی بەوەش دا، لیژنەکە پێداگرە لەسەر تەواوکردنی یاساکە لەم خولەدا، راوێژ لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان و لایەنە یاساییەکان دەکات بۆ داڕشتنی رەشنووسێک کە مافی هیچ لایەنێک پێشێل نەکات.
بۆ تێپەڕاندنی یاساکە لە قۆناخی داهاتوودا، دەڵێت، لیژنەکە پشت بە رەشنووسەکانی پێشوو و لێکتێگەیشتنە بەردەوامەکان دەبەستێت، دواکەوتنی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆری جیهان - فیشابور تەنیا پەیوەندی بە هۆکاری تەکنیکییەوە هەیە.
باسی لەوەشکرد، پێویستە لەسەر حکوومەتی داهاتوو لە کارنامەکەیدا هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم بکات سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت و کێڵگە نەوتییەکان، کە ئەمەش هەمووی بەستراوەتەوە بە یاسای نەوت و گازەوە.