دادگای ئەنقەرە کۆنگرەکەی جەهەپەی هەڵوەشاندەوە

ئۆزگور ئۆزەل لادەبرێت و کڵچدارئۆغڵو دەگەڕێتەوە

دادگای تێهەڵچوونەوەی ئەنقەرە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراوی دەرکرد و تێیدا 38ـەمین کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی هەڵوەشاندەوە. بەپێی بڕیارەکە، ئۆزگور ئۆزەل لە پۆستەکەی دوور دەخرێتەوە و کەمال کڵچدارئۆغڵو جارێکی دیکە سەرۆکایەتی پارتەکە دەگرێتەوە دەست.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئایاری 2026، دادگای تێهەڵچوونەوەی ئەنقەرە ژووری 36ی یاسایی، دوای پێداچوونەوە بە دۆسیەی تانەدان لە کۆنگرەی جەهەپە، بڕیاری دا کە کۆنگرەی 38ـەمینی ئەو پارتە، کە لە 4 و 5ـی تشرینی دووەمی 2023 بەڕێوەچوو، بەهۆی بوونی کەموکوڕی یاسایی (بەتەواوی پووچەڵە) و هەڵوەشاوەتەوە.

دادگاکە لە بڕیارەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەکە، سەرجەم ئەو بڕیار و کۆنگرە ئاسایی و نائاساییانەی لە دوای تشرینی دووەمی 2023ـەوە دراون، بە پووچەڵ هەژمار دەکرێن. هەر بۆیە بڕیار درا دۆخی پارتی گەلی کۆماری بگەڕێتەوە بۆ پێش ڕێکەوتی 4ـی تشرینی دووەمی 2023، ئەمەش بەواتای ئەوەی کەمال کڵچدارئۆغڵو وەک سەرۆکی گشتیی و دەستەی کارگێڕی پێشوو، دەبێت ئەرکەکانیان وەربگرنەوە.

بەپێی بڕیارە نوێیەکەی دادگا، ئۆزگور ئۆزەل و سەرکردایەتی ئێستای جەهەپە بە شێوەیەکی کاتی لە کارەکانیان دوور دەخرێنەوە، تاوەکو ڕێکارە یاساییەکان بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات بۆ کەمال کڵچدارئۆغڵو و تیمەکەی تەواو دەبێت.

دوای بڕیارەکە، ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ناوەندی جەهەپە (MYK) بە سەرۆکایەتیی ئۆزگور ئۆزەل کۆبوونەوەیەکی نائاسایی و بەپەلەی ئەنجام دا بۆ تاوتوێکردنی دەرهاویشتە یاساییەکانی ئەم بڕیارە و دیاریکردنی هەنگاوەکانی داهاتووی پارتەکە.