کرێملین: پووتین بیرۆکەی گواستنەوەی یۆرانیۆمی ئێرانی لەگەڵ چین تاوتوێ کردووە

پووتین پێشنیازی گواستنەوەی یۆرانیۆمی ئێرانی بۆ رووسیا خستە بەردەم سەرۆکی چین، لە کاتێکدا ڕێبەری ئێران بە توندی دژی بردنەدەرەوەی یۆرانیۆمی وڵاتەکەیەتی، ئەمەش ڕەنگە دانوستانەکانی ئاشتی و هەڵوێستی ئەمریکا ئاڵۆزتر بکات.

پێنجشەممە، 21ـی ئایاری 2026، ئاژانسی "ئێنتەرفاکس"، لەسەر زاری دمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین)، ئاشکرای کرد، کە ڤلادیمیر پووتین، بیرۆکەی گواستنەوە و هەڵگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێرانی لە ناوخۆی رووسیا، خستووەتە بەردەم شی جین پینگ، سەرۆکی چین.

پێسکۆڤ، ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم بیرۆکەیە لەمیانی سەردانەکەی پووتین بۆ چین و لە کاتی تاوتوێکردنی ململانێکانی پەیوەست بە ئێران هاتووەتە ئاراوە.

پێشتریش رووسیا جەختی لەوە کردبووەوە، کە تەنیا ئێران خۆی بۆی هەیە بڕیار لەسەر چارەنووسی یەدەگی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی بدات. لەم بارەیەوە ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، کە پرسی ئێران تەنیا لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکان و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی تاران چارە دەکرێت. 

هەروەها زاخارۆڤا دووپاتی کردبووەوە، کە وڵاتەکەی ئامادەیە هاوکاریی تاران و واشنتن بکات بۆ جێبەجێکردنی چارە پێشبینیکراوەکانی پەیوەست بە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستبەرز.

لە لایەکی دیکەوە دوو سەرچاوەی باڵای ئێرانی، بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕێنماییەکی دەرکردووە کە تێیدا رێگری دەکات لە ناردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ دەرەوەی وڵات. 

بە پێی ئاژانسەکە بەرپرسە باڵاکانی ئێران پێیان وایە گواستنەوەی ئەو ماددانە بۆ دەرەوە، وڵاتەکەیان لە داهاتوودا زیاتر رووبەڕووی مەترسیی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکاتەوە. هاوکات، بەرپرسێکی ئەمریکی بە تۆڕی "فۆکس نیوز"ی راگەیاندووە کە هەڵوێستی ئێران سەبارەت بە دۆسیە ئەتۆمییەکە هێشتا وەک خۆی توندە.

ئەم زانیارییانە لە کاتێکدان کە هەوڵی نێوەندگیرەکان، بە تایبەت پاکستان، خێراتر بوون بۆ لێکنزیککردنەوەی بۆچوونی نێوان ئەمریکا و ئێران بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. 

لە کاتێکدا سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بە ئەگەری دروستبوونی پێشکەوتن لە گفتوگۆکاندا دەکەن، بە مەرجێک سەرەتا لەسەر "راگەیاندنی بنەماکان" رێککەوتن بکرێت و تاوتوێکردنی دۆسیە ئەتۆمییەکە بۆ قۆناغێکی دواتر دوابخرێت کە ماوەی 30 ڕۆژ دەخایەنێت.

ئێران نزیکەی 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە رێژەی %60 لە لایە، کە بە گوێرەی خەمڵاندنەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە رووی تیۆرییەوە ئەگەر رێژەی پیتاندنەکە بۆ 90% بەرز بکرێتەوە، دەتوانرێت 6 بۆ 10 بۆمبی ئەتۆمی لێ دروست بکرێت.