حکوومەتی عێراق ئامادەکاری بۆ بودجەی 2027 دەکات
حکوومەتی عێراق سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027ـە، بەڵام بۆ ئەمساڵ پشت بە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی دەبەستێت.
ئەمڕۆ شەممە، 23ی ئایاری 2026، مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئێستا دۆخێکی تایبەت و جەنگ هەیە و رەنگە بەم شێوەیە بەردەوام بێت. هیوادارم جەنگ کۆتایی بێت بۆ ئەوەی پشت بە خەمڵاندنێکی واقیعیی دارایی ببەسترێت و بودجەیەک لەسەر راستیی دارایی دابنرێت".
راوێژکارەکەی عەلی زەیدی گوتی " ئێستا بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی پلان بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 دادەنرێت، بەڵام بۆ ساڵی 2026 رەنگە وڵات بە بودجەیەک یان یاسا داراییەکان بەردەوام بێت".
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران روونیشی کردەوە، پێشبینیکردن بۆ قەبارەی بودجە و کورتهێنان قورسە، مەگەر دڵنیا بنەوە هەناردەی نەوت دەگەڕێتەوە دۆخی سروشتیی خۆی، چونکە هەناردەی نەوت بە تەواوی کەم بووەتەوە. بەگوێرەی دەستوور و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، پڕۆژەیاسای بودجە دەنێردرێت بۆ پەرلەمان.
بەگوێرەی مادەی 11ی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گفتوگۆی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی دەکات و پێش 15ی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێک پێشکەشی پەرلەمانی دەکات.
تا ئێستا پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2026 ئامادە نەکراوە و پێشکەشی پەرلەمان نەکراوە، هۆکارەکەشی بۆ تەواونەکردنی کابینەی نوێی حکوومەت دەگەڕێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا هەناردەی نەوتی عێراق مانگانە لە زیاتر لە 100 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ کەمتر لە 10 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە. عێراق بۆ دابینکردنی مووچە و خەرجییەکانی، پشت بە قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی دەبەستێت.
هاوکات مەزهەر ئاماژەی بەوە دا، کابینەی ئێستا پلانی چاکسازی لە داهاتە نانەوتییەکان و خەرجییەکان و دامەزراوە داراییەکاندا داناوە.
بودجەی گشتیی عێراق زیاتر لە 90% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت و تەنیا 10%ی داهاتی نانەوتییە. کۆتا بودجە لە ساڵی 2023 پەسەند کرا و بۆ سێ ساڵ ئامادە کرا. قەبارەی بودجەکە 199 تریلیۆن دینار بوو، هەروەها 60 ملیار دۆلار کورتهێنانی هەبوو. خشتەی بودجە بۆ ساڵی 2024 نێردرایە پەرلەمان، بەڵام بۆ ساڵی 2025 خشتەکە رەوانە نەکرا.