میدیاکانی ئیسرائیل: رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران ئیسرائیلی خستە دڵەڕاوکێ
دوای لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بڵاوبوونەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە نزیکبوونەوەی واشنتن و تاران لە واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکگەیشتن، ناوەندە سیاسی و ئەمنییەکانی ئیسرائیل کەوتوونەتە دۆخێکی نائاسایی و دڵەڕاوکێی زۆرەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی ئایاری 2026، کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد، بنیامین ناتانیاهۆ کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنی بەپەلەی کردووە.
لای خۆیەوە سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی دەڵێت: "ئەم بارودۆخە بۆ هەموو لایەنەکان لە ئیسرائیل لە رادەبەدەر نیگەرانکەرە."
کەناڵی 13ـی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە، سوپای ئیسرائیل نیگەرانە کە رێککەوتنەکە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم و پەرەپێدانی مووشەکی بالیستی پشتگوێ خستووە، بۆیە سوپا لە ئامادەباشییەکی باڵادایە بۆ هەر ئەگەرێکی داڕمانی دانوستانەکان یان دەستپێکردنەوەی جەنگ.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، ئیدارەی ترەمپ بە تەواوی ئیسرائیلی لە دانوستانەکان دوورخستووەتەوە. بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکان، دوای ئەوەی دەرکەوت بەڵێنەکانی ناتانیاهۆ بۆ "لەناوبردنی دەسەلاتی ئێران" جێبەجێ ناکرێن، واشنتن ستراتیژی خۆی گۆڕی بەرەو کۆتاییهێنان بە جەنگ و ئیسرائیلی ناچار کردووە لە رێگەی نێوەندگیرە ناوچەییەکان و هەواڵگریی تایبەتەوە زانیاری لەسەر دانوستانەکان کۆبکاتەوە.
دوێنێ شەممە 23ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک ترەمپ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) رایگەیاند، بارودۆخەکە لە بەردەم دوو بژاردەدایە و گوتی: "پێموایە یەکێک لەم دوو شتە روودەدات؛ یان زۆر بە توندی لێیان دەدەین کە پێشتر وایان لێ نەدرابێت، یان رێککەوتنێکی باش واژۆ دەکەین."
ترەمپ لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، جارید کۆشنەر و جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک کۆببێتەوە بۆ پێداچوونەوە بەو رەشنووسە نوێیەی کە لە ئەنجامی دانوستانەکانی ئێران و پاکستان هاتووەتە کایەوە. هاوکات، بڕیارە ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بەکۆمەڵ لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو، میسر، ئوردن و تورکیا ئەنجام بدات بۆ تاوتوێکردنی دۆخەکە.
لای خۆیەوە ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، تاران و واشنتن لە قۆناخی کۆتایی گفتوگۆکاندان بۆ واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن (MOU). بەپێی گوتەی ئێرانییەکان، یاداشتنامەکە ئەم خاڵانە دەگرێتەوە:
- کۆتاییهێنان بە جەنگ.
- کردنەوەی پلەبەندیی تەنگەی هورمز.
- لادانی گەمارۆکانی ئەمریکا و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران.
- ماوەی 30 بۆ 60 رۆژ بۆ دانوستانی وردتر لەسەر رێککەوتنێکی گشتگیر.
ترەمپ جەختی کردووەتەوە، تەنیا ئەو رێککەوتنە قبووڵ دەکات کە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم و پاشکۆی ئەتۆمی ئێران یەکلایی بکاتەوە.هاوکات مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاندووە پێشکەوتن هەیە، بەڵام پێویستە ئێران دەستبەرداری یۆرانیۆمی پیتێنراو بێت و گەرووی هورمز بە تەواوی و "بەبێ وەرگرتنی هیچ باج و سەرانەیەک" بکرێتەوە.
سەبارەت بە هەڵوێستی ئیسرائیل، ترەمپ رایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە نێوان بژاردەکاندا "دابەشبووە". بەرپرسانی ئیسرائیلی ئاماژە بەوە دەدەن، ناتانیاهۆ زۆر نیگەرانە لەم رێککەوتنەی ئێستا باسی لێوە دەکرێت و داوای لە ترەمپ کردووە گەڕێکی دیکەی هێرشی سەربازی بکات.