شڤان ئیبراهیم: کورد پێویستی بە دیمەشقە و دەبێت ئەنەکەسە شێوازی کارکردنی بگۆڕێت

شڤان ئیبراهیم، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
شڤان ئیبراهیم، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

شڤان ئیبراهیم، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی رایگەیاند، بایکۆتکردنی پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن لە سووریا لە بەرژەوەندیی کورددا نییە و رایدەگەیەنێت، پێویستە لایەنە کوردییەکان و بەتایبەت ئەنەکەسە، شێوازی کارکردنی کلاسیکی خۆیان بگۆڕن و بە ستراتیژێکی نوێوە مامەڵە لەگەڵ دیمەشق و گۆڕانکارییەکان بکەن.

رۆژی یەکشەممە 24ی ئایاری 2026، شڤان ئیبراهیم، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی و ئەندامی کۆمیتەی هەڵبژاردن لە قامشلۆ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 لەبارەی شەرمەزارکردنی هەڵبژاردنەکان لەلایەن بەشێک لە لایەنە کوردییەکانەوە رایگەیاند، تەنیا چوار نوێنەر بۆ کورد کەمە و پێویست بوو ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر بووایە، بەڵام گوتیشی: "پێموایە وەڵامی ئەمە لای ئێمە نییە، بەڵکو لای ئەو لایەنە سیاسییانەیە کە چەندین جار چوونە دیمەشق و لەگەڵ بەرپرسانی حکوومی و سەرکردە باڵاکان کۆبوونەوە."

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا چوار نوێنەری کورد لە قامشلۆ، یەک نوێنەر لە کۆبانێ و سێ نوێنەر لە عەفرین هەن، جگە لەوەی چەند کاندیدێکی سەرکەوتووی کورد لە حەما، دیمەشق و حەلەب هەن؛ راشیگەیاند کە ئەو نوێنەرانە دەتوانن پێکەوە هاوپەیمانییەکی بەهێز دروست بکەن.

لەبارەی پرسی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان، شڤان ئیبراهیم هۆشداری دا و وتی: "دیمەشق دەیەوێت باڵانسێک دروست بکات، بەڵام ئەگەر کورد بایکۆت بکات، دەتوانین چی بکەین؟ هەموو یاسا و رێساکان لە پەرلەمان دەردەچن، بۆیە ئەگەر نوێنەری کورد لەوێ نەبێت، ناکرێت." جەختیشی کردەوە کە کورد پێویستی بە دیمەشقە و دیمەشقیش پێویستی بە کورد هەیە.

سەبارەت بە ئەدای حزبە کوردییەکان، ئەو ئەندامەی کۆمیتەی هەڵبژاردن رەخنەی لە شێوازی کارکردنی ئێستا گرت و وتی: "پێویستە ئەنەکەسە شێوازی کارکردنی خۆی بگۆڕێت، چونکە بەم شێوازەی ئێستا نە ئەنەکەسە و نە حزبە کوردییەکانی دیکە ناتوانن سەرکەوتوو بن، لەکاتێکدا هەموو جیهان لە گۆڕاندایە."

شڤان ئیبراهیم ئاماژەی بە نموونەی دەوروبەری ئەحمەد شەرع کرد و وتی: "ئەوانەی لە دەوروبەری ئەون هەموو گەنج و خاوەن بڕوانامە و ئەزموونن، بۆیە ناکرێت ئێمە چیتر بە شێوازی کلاسیکی کار بکەین." لە کۆتایی لێدوانەکەشیدا بۆ کوردستان24 راگەیاند، کە بارودۆخە نالەبارەکە تەنیا کورد ناگرێتەوە، بەڵکو هەموو سووریا بە رەوشێکی خراپدا تێدەپەڕێت.

بەیانی رۆژی یەکشەممە، بنکەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی گەلی سووریا لە بازنەکانی پارێزگای حەسەکە لە باکووری رۆژهەڵات و پارێزگای حەلەب لە باکووری وڵات کرانەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی ئاستەنگە ئەمنییە مەیدانییەکانەوە پڕۆسەکە لەو ناوچانە دواخرابوو.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی سووریا "سانا"، سندووقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمان لە هەردوو بازنەی حەسەکە و قامشلۆ لە پارێزگای حەسەکە و بازنەی کۆبانێ لە پارێزگای حەلەب کرانەوە.

بنکەکانی دەنگدان کاتژمێر 08:00ی بەیانی بەکاتی ناوخۆ کرانەوە و تاوەکو کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ بەردەوام دەبن؛ لە ئەگەرێکدا ئەگەر رێژەی بەشداریکردن نەگەیشتە نیوەی ژمارەی دەنگدەران، تەنیا بۆ ماوەی یەک کاتژمێر پڕۆسەکە درێژ دەکرێتەوە. دوای کۆتاییهاتنی کاتەکەش، سندووقەکان دادەخرێن و راستەوخۆ پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان دەستپێدەکات و ئەنجامە سەرەتاییەکان رادەگەیەنرێن.