روبیۆ: ئەمریکا پشتیوانی لوبنانە

وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە راگەیەندراوێکی حزبوڵڵای لوبنانی تۆمەتبار کرد بە هەوڵدان بۆ تێکدانی سەقامگیری و رووخاندنی حکوومەتی شەرعیی وڵاتەکە، جەختیشی کردەوە کە واشنتن رێگە نادات ئەو گرووپە وڵاتەکە بەرەو پشێوی و وێرانکاری بەرێت.

یەکشەممە 24ی ئایاری 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، واشنتن بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو بانگەوازە بێباکانەیەی حزبوڵڵا دەکات بۆ رووخاندنی حکوومەتی لوبنان بە شێوەیەکی دیموکراتی هەڵبژێردراوە. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: "حزبوڵڵا داواکارییە بەردەوامەکانی حکوومەتی شەرعیی لوبنانی پشتگوێ خستووە بۆ راگرتنی هێرشەکان و پابەندبوون بە ئاگربەست."

مارکۆ روبیۆ باسی لەوەش کردووە، حزبوڵڵا لە جیاتی پابەندبوون بە ئارامی، بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی پێگەکانی ئیسرائیل و گواستنەوەی چەک و چەکدار بۆ باشووری لوبنان. راگەیەندراوەکە دەڵێت: "ئەمە هەڵمەتێکی ئەنقەستە بۆ تێکدانی سەقامگیری وڵات و پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان لەسەر حیسابی دواڕۆژی گەلی لوبنان."

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، حکوومەتی لوبنان خەریکی کارکردنە بۆ بووژانەوە، ئاوەدانکردنەوە و دەستەبەرکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بە پشتیوانی تەواوی ئەمریکا، بەڵام لە بەرانبەردا حزبوڵڵا هەوڵ دەدات لوبنان بۆ ناو پشێوی و کاولکاری رابکێشێت.

مارکۆ روبیۆ جەختی کردەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە توندی لەگەڵ حکوومەتی شەرعیی لوبنان دەوەستێتەوە و رێگە نادات هەڕەشەکانی حزبوڵڵا بۆ رووخاندنی حکومەت سەر بگرن. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە زمانێکی توند هۆشداری دا و گوتی: "ئەو سەردەمەی کە تێیدا گرووپێکی تیرۆریستی تەواوی نەتەوەیەکی بە بارمتە گرتبوو، بەرەو کۆتایی دەچێت."