قالیباف و عێراقچی گەیشتنە قەتەر

عەباس عێراقچی و محەممەد باقر قالیباف
عەباس عێراقچی و محەممەد باقر قالیباف

سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری دەرەوەی ئێران لە قەتەرن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ، گفتوگۆکانیش پرسی گەرووی هورمز، یۆرانیۆمی پیتێنراو و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئەو وڵاتە لەخۆ دەگرن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 25ی ئایاری 2026، ئاژانسەکانی رۆیتەرز و فرانس پرێس لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویانکردەوە، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و عەبباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە دەوحەی پایتەختی قەتەرن بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ وەستاندنی جەنگ.

بەرپرسێک بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، ئامانجی سەرەکیی گفتوگۆکان بە پلەی یەکەم لەسەر پرسی گەرووی هورمز و یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێرانە.

لە درێژەی لێدوانەکەیدا، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران ئەندامی شاندەکەیە، ئەمەش بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی تارانە لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی کۆتاییدا لە نێوان هەردوو وڵات.

هاوکات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بەم پرسە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "رێککەوتن لەگەڵ ئێران یان رێککەوتنێکی پڕدەستکەوت و پڕمانا دەبێت، یان هیچ رێککەوتنێک نابێت. بە تەواوی پێچەوانەی کارەساتی بەرجام دەبێت ئیدارە شکستخواردووەکەی ئۆباما دانوستانی لەسەر کرد، ئەوەش رێگەیەکی راستەوخۆ و کراوە بوو بۆ ئەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. نەخێر، من رێککەوتنی لەو شێوەیە ناکەم!".

ئەم دانوستانانەی ئێستا لە کاتێکدان، ناوچەکە بەهۆی جەنگێکی 39 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا تووشی قەیرانێکی گەورە بووە، بۆیە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ راگرتنی جەنگەکە و گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر چڕتر بوونەتەوە. لە لایەکی دیکەوە، ئێران بەدەست قەیرانی ئابوورییەوە دەناڵێنێت و هەوڵ دەدات لە بەرانبەر هەر رێککەوتنێکدا، ملیارەها دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی لە دەرەوەی وڵات ئازاد بکرێت.