فەرماندەی نوێی باڵی سەربازیی حەماس کوژرا
فەرماندەی باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی سوپا و دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل لە ناوەندی شاری غەززە کوژرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ی ئایاری 2026، سوپای ئیسرائیل و دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی (شاباک) لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا، رایانگەیاند، محەممەد عۆدە، فەرماندەی باڵی سەربازیی حەماس لە غەززە کراوەتە ئامانج و کوژراوە.
بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، "عۆدە تەنیا دوو هەفتە بوو پۆستی فەرماندەیی باڵی سەربازیی وەرگرتبوو. ئۆپەراسیۆنەکە لە رێگەی هێرش بۆ سەر چەند باڵەخانەیەک لە نێو شاری غەززەکراوە. ئەم شوێنانە وەک حەشارگە بەکار دەهێنران".
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە دا، هێرشەکە دوای چاودێرییەکی وردی هەواڵگری بۆ ماوەی چەند مانگێک هات. هاوکات شوقەیەکی تەنیشت حەشارگەکەش کرایە ئامانج. لەو شوقەیەدا یەکێک لە بەشداربووانی هێرشی 7ی ئۆکتۆبەر هەبوو، ناوی لە لیستی یاریدەدەرە نزیکەکانی عۆدەدا بوو.
باس لەوەش کراوە "ئەم فەرماندەیە پێشتر بەرپرسی هەواڵگریی بزووتنەوەکە بووە. ئەرکی داڕشتنی پلان و هەماهەنگی ئامانجەکانی هێرشی 7ی ئۆکتۆبەری لە ئەستۆ بووە".
ئیسرائیل، عۆدە بە یەکێک لە دوایین سەرکردە باڵاکانی باڵی سەربازی دادەنێت سەرپەرشتی شەڕی دژی هێزەکانی ئیسرائیلی کردووە.
سوپای ئیسرائیل ئەوەشی خستە روو، کوژرانی محەممەد عۆدە گورزێکی گەورەیە بۆ هەوڵەکانی بنیاتنانەوەی هێزە سەربازییەکانی حەماس.