عێراق لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەیە کە خۆراک لە تورکیاوە هاوردە دەکات
هەناردەی کشتوکاڵی و خۆراکی تورکیا لە مانگی نیسانی رابردوودا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی خواست لە چەند بازاڕێکی ناوچەکەدا، لە پێشەنگیاندا بازاڕی عێراق دێت کە بەردەوام بووە لە بەهێزکردنی هاوردەکردنی دانەوێڵە، پاقلەمەنی و بەرهەمە تورکییەکان.
کۆمەڵەی هەناردەکارانی دانەوێڵە، پاقلەمەنی، تۆوە رۆنییەکان و بەرهەمەکانیان لە ناوچەی دەریای سپی ناوەڕاست لە تورکیا (AHBIB) رایگەیاند، کۆی گشتیی هەناردەی مانگی نیسان گەیشتووەتە 173.3 ملیۆن دۆلار، ئەمەش بە رێژەی %29 زیادیکردووە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو.
کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، قەبارەی هەناردەکان گەیشتووەتە 209 هەزار و 760 تۆن لە کاڵا خۆراکی و کشتوکاڵییەکان، لەگەڵ تۆمارکردنی گەشەیەکی روون لە هەناردەی پاقلەمەنی، بەرهەمەکانی نانەواخانە، شەکر و پێکهاتەکانی.
هەروەها جەختی کردەوە، عێراق لەگەڵ سووریا لە دیارترین ئەو بازاڕانە بوون کە پاڵپشتی ئەم گەشەیەیان کردووە، هاوکات لە هەمان ماوەدا بازاڕەکانی جیبۆتی، ئێران، سعوودیە، ئوردن و تونسیش زیادبوونی خواستیان بۆ سەر بەرهەمە تورکییەکان بەخۆیەوە بینیوە.