عێراق زیاتر لە 40 هەزار تۆن برنجی لە ئەمریکا هاوردەکرد

​ کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراک سەر بە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 31ـی ئایاری 2026،  رایگەیاند، کەشتیی (EQUINOX DREAM) بە 44 هەزار تۆن برنجی ئەمریکی گەیشتووەتە بەندەری عەقەبەی ئوردن. ئەمەش سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەیە کە رووبەڕووی هێڵەکانی گواستنەوەی دەریایی بوونەتەوە.

​لەم چوارچێوەیەدا، لەما هاشم مووسەوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە لە راگەیەندراوێکدا گوتی ​"پڕۆسەی دابینکردنی پێداویستییەکانی سەبەتەی خۆراک و چاودێریی کۆمەڵایەتی بەپێی پلانی بەبازاڕکردنی ساڵی 2026 بەردەوامە، دەشڵێت، کار دەکەین بۆ گەرەنتییکردنی گەیشتنی ماددە خۆراکییەکان بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بەبێ دواکەوتن، بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیریی ئاسایشی خۆراک."

​ئەم پێشهاتە هاوکاتە لەگەڵ لێدوانەکانی مەحموود خەلیفات، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەڕێوەبردن و بەکارخستنی بەندەرەکانی عەقەبە، کە لە میدیای ئوردنی بڵاوبووەتەوە و دەڵێت: پێنج کەشتیی دیکە کە جۆرەها کاڵا و ماددەی خۆراکیان (وەک برنج، گەنمەشامی، شەکر، ئاسن و دار) بۆ عێراق هەڵگرتووە، لە بەندەرەکە لەنگەریان گرتووە، ئەم کاڵایانە بە سیستەمی ترانزێت بەرەو بازاڕەکانی عێراق دەگوازرێنەوە.

​خەلیفات ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق ماوەی دوو مانگە بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز، پەنای بردووەتە بەر بەندەری عەقەبە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەکانی هاوردەکردن.

راشیگەیاند، 100 هەزار تۆن رۆنی رووەکی لە بەندەرکەوە گواستراوەتەوە عێراق، لە ئێستاشدا دوو کەشتیی دیکە بە 65 هەزار تۆنەوە چاوەڕوانی بەتاڵکردنی بارەکانیان دەکەن.