ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی نەوتی گەیاندە سەرووی 93 دۆلار

بەهۆی پەرەسەندنی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە لوبنان و هەڕەشەی مینە دەریاییەکان لە گەرووی هورمز، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوەی بەرچاوی تۆمارکرد و بەرمیلێک نەوتی برێنت 93 دۆلاری تێپەڕاند.

ئەمڕۆ دووشەممە 1ی حوزەیران، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا رووی لە بەرزبوونەوە کرد. ئەمەش دوای ئەوەی ئیسرائیل فەرمانی بە هێزەکانی دا پێشڕەوییەکانیان لە ناو خاکی لوبناندا زیاتر بکەن، سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە 6 هەفتە بوو ئاگربەست لەو ناوچەیە راگەیەندرا بوو.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کە بەم زووانە بڕیار لەسەر پێشنیازی درێژکردنەوەی ئاگربەست لەگەڵ ئێران دەدات. ئەو ئاگربەستەی کە لە سەرەتای مانگی نیسان راگەیەندرا، ئامانج لێی رەخساندنی دەرفەتە بۆ دانوستانکاران تاوەکو چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ کێشەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بدۆزنەوە.

بەرزبوونەوەی نرخەکان:

لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخی گرێبەستە ئایندەییەکانی نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 2.1% بەرزبووەوە و گەیشتە 93.4 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەروەها نەوتی خاوی ئەمریکیش بە رێژەی 2.6% بەرزبووەوە و بە 89.62 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

مەترسییەکانی گەرووی هورمز:

تۆنی سیکامۆر، شرۆڤەکاری ئابووری ئاماژە بەوە دەکات کە نیگەرانییەکان لەبارەی بوونی مینی دەریایی لە گەرووی هورمز زیادیان کردووە. بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، ئێران مینی زیاتری لەو گەرووەدا چاندووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پیت هیگسێس، وەزیری بەرگری ئەمریکا هۆشداری دابوو کە هەر هەوڵێکی چاندنی مین وەک پێشێلکردنی ئاگربەست هەژمار دەکرێت.

گەرووی هورمز کە نزیکەی 1 لەسەر 5ی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێپەڕدەبێت، لە کۆتایی مانگی شوباتەوە بە کردەیی داخراوە، ئەوەش دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.

سەرەڕای ئەوەی داتاکانی چین نیشانی دەدەن کە چالاکییە پیشەسازییەکانی ئەو وڵاتە وەک دووەم گەورەترین ئابووری جیهان خاو بووەتەوە، بەڵام مەترسییەکانی پەیوەست بە دابینکردنی وزە و ناسەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و زاڵبوون بەسەر کێشە ئابوورییەکانی دیکەدا.