کاتز: تا حزبوڵڵا مابێت، بەیرووت هیچ هێمنییەک نابینێت
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەی توندی لە لوبنان کرد و رایگەیاند "ئەگەر هێرشەکانی حزبوڵڵا بەردەوام بن، هەرگیز هیچ ئارامی و سەقامگیرییەک لە بەیرووت نایەتەدی".
ئەمڕۆ دووشەممە، 1ی حوزەیرانی 2026، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێکی رۆژنامەوانیی هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی دۆخی شەڕ لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنانی راگەیاند.
کاتز رایگەیاندووە، ئەو ناوچەیەی سەربازانی ئیسرائیل کۆنترۆڵیان کردووە، بە ناوچەیەکی سەربازی هەژمار دەکرێت.
هەروەها جەختیکردووەتەوە، هیچ جیاوازییەک لە نێوان بەیرووت و ناوچەکانی دیکە نییە، ئەگەر کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکانی باکووری ئیسرائیل ئارام و پارێزراو نەبن، بە دڵنیاییەوە لە بەیرووتیش ئارامی و ئۆقرەیی نابێت.
کاتز دەڵێت "سوپای ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆن و چالاکییە سەربازییەکانی لە دژی چەکدارانی حزبوڵڵا بەردەوام دەبێت و ژێرخان و توانا سەربازییەکانی حزبوڵڵا لاوازکراون، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی مەترسی و هەڕەشەکانی لەسەر هاووڵاتیانی ئیسرائیل، ئێستاش ناوچەی لیتانی دەبێت لە چەک و چەکدارانی حزبوڵڵا دابماڵدرێت".
ئەمە لە کاتێکدایە، بەرە بەیانی دوێنێ یەکشەممە، 31ـی ئایار، سوپای ئیسرائیل هێرشی زەمینی بۆ سەر لوبنان دەستپێکرد.