ئیسماعیل قائانی: ئەمجارە گەرووی بابولمەندەبیش دادەخەین
فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئیسرائیل و ئەمریکا کرد و رایگەیاند، بەرەی نوێی جەنگ دەکەنەوە و هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی بابولمەندەب هاوشێوەی گەرووی هورمزی لێ دەکەن.
ئیسماعیل قائانی لە پەیامێکی نوێدا هۆشداریی دایە ئیسرائیل و ئەمریکا و رایگەیاند، بەرەی بەرگری (مقاوەمە) ئامادەکاری بۆ گۆڕینی هاوکێشەکان لە ناوچەکەدا دەکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، کارە شەڕانگێزییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان و غەززە بە پشتیوانیی ئەمریکا دەکرێن، ئەمەش وای کردووە بەرەی بەرگری بڕیاری پەرەپێدانی پشتیوانییەکانی بۆ هەردوو بەرەکە بدات و کار بۆ چالاککردنی بەرەی نوێی جەنگ بکات.
فەرماندەی فەیلەقی قودس هەڕەشەی داخستنی گەرووی بابولمەندەبی کرد و روونیشی کردەوە، دۆخی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی بابولمەندەب هاوتا و هاوشێوەی گەرووی هورمز دەکرێت.
قائانی هۆشداریی دایە ئیسرائیل و ئەوەشی خستە روو، کردنی تاوان لە یەک کاتدا لە باشووری لوبنان و غەززە، ئیسرائیل دەخاتە ناو گەردەلوولی هێرشەکانی حزبوڵڵا و جارێکی دیکە رووبەڕووی زریانی گەنجانی فەلەستینی دەبێتەوە.
گەرووی بابولمەندەب یەکێکە لە رێڕەوە ئاوییە گرنگەکانی جیهان و دەکەوێتە نێوان یەمەن و قۆچی ئەفریقا، ساڵانە نزیکەی 15%ـی بازرگانیی دەریایی جیهان بەو گەرووەدا تێدەپەڕێت.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە و پەرەسەندنی ململانێکان لە باشووری لوبنان، حووسییەکانی یەمەن کە نزیکن لە ئێران چەندین هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و بابولمەندەب.