کارمەندێکی کوردستان24 لە تورکیا بۆ خەڵات کاندیدە

کورتەفیلمی "دەریای هیوا"، کە لە دەرهێنانی جوبڕائیل ئەبوبەکرە، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتەفیلمی ئەستەنبوڵ لە وڵاتی تورکیا، کاندیدە بۆ بردنەوەی خەڵات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 2ی حوزەیرانی 2026، جوبڕائیل ئەبوبەکر، دەرهێنەری کورتەفیلمەکە بە کوردستان24ی گوت، "لە نێوان ژمارەیەکی زۆر لە بەشدارییە جیهانییەکان لەو فێستیڤاڵەدا، ئەندامانی دەستەی دادوەرانی فێستیڤاڵ، کاری ئێمەیان وەک نموونەیەکی بەرز لە چیرۆکگێڕی و هونەری سینەمایی ناسیوە، کە هەستی قووڵ و توانایەکی بەرزی هونەری تێدایە. هەروەها نامەیەکیان لە رێگەی ئیمێڵەوە بۆمن ناردووە و پێیان گوتم؛ ئێوە گەنجینەیەکی نایاب و بە نرختان لە دنیای داهێنان هێناوەتەوە."

جوبڕائیل ئەبوبەکر گوتیشی، "بە کورتەفیلمی "دەریای هیوا"، لە ماوەی 8 مانگدا، بەشداری نزیکەی 38 فێستڤاڵی نێودەوڵەتیم کردووە لە وڵاتەکانی ئیتاڵیا و فەرەنسا. لەگەڵ ئەوەشدا من زۆر گرنگی بەوە دەدەم کە چیڕۆکی فیلمی کوردی بە هەموو دونیا بگەیەنم بەتایبەت وڵاتە دراوسێکانی وەکو ئێران و تورکیا وڵاتە عەرەبییەکان."

جوبڕائیل ئەبوبەکر باس لە چیڕۆکی کورتەفیلمەکە دەکات و دەڵێت، "فیلمی "دەریای هیوا" کورتە فیلمێکە کە پەردە لەسەر زیانە وێرانکەرەکانی شەڕ لە چاوی ئەو مەدەنییانەی کە لە دوای جەنگەوە گیریان خواردووە، ئاشکرا دەکات. فیلمەکە بە گرنگیدان بە شوێنەواری سۆزداری و جەستەیی ئاوارەبوونی زۆرەملێ، شوێنپێی گەشتەکانی تاکەکان دەگرێتەوە کە ناچارن لە ماڵەکانیان هەڵبێن، هەموو شتێک دەخاتە مەترسییەوە کاتێک بە رێگە مەترسیدارەکاندا دەڕۆن کە مردن و خنکان لە هەموو وەرچەرخانێکدا دەڕوانن، لە گەڕانێکی بێهیوادا بۆ سەلامەتی و ژیانێکی به کەرامەت."

بڕیارە مانگی ئەیلوولی 2026، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتەفیلمی ئیستانبوڵ لە وڵاتی تورکیا بەڕێوەبچێت. هەروەها جوبڕائیل ئەبوبەکر، کە کارمەندی دامەزراوەی کوردستان24ە، تا ئێستا 6 جار لە وڵاتی تورکیا بە کورتەفیلمی "دەریای هیوا"، کاندید کراوە بۆ بردنەوەی خەڵات.