حکوومەتی عێراق بڕیاری زیادکردنی هەناردەی نەوتیدا

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ژمارەیەک بڕیاری پەیوەست بە کەرتەکانی نەوت، ئابووری و چاکسازیی کارگێڕی دا، لەوانە زیادکردنی هەناردەی نەوت بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل لەرێگەی بۆری و تانکەرەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 2ی حوزەیرانی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتی چوارەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی گشتیی وڵات کرا و چەند بڕیار و راسپاردەیەک پەسند کران.

زیادکردنی هەناردەی نەوت و هەناردەکردن لە ڕێگەی سووریاوە
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پلانی وەزارەتی نەوتی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردن پەسند کرد، کە گرنگترینیان ئەمانەن:

زیادکردنی هەناردەی نەوتی خاو لە ڕێگەی بۆرییەکانەوە لە 220 هەزار بەرمیلەوە بۆ 770 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمەش لە ماوەی دوو مانگ و نیودا جێبەجێ دەکرێت.
بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەی نەوت لەرێگەی تانکەرەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ بۆ 420 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
رەزامەندی درا وەزارەتی نەوت گرێبەست لەگەڵ لایەنی سووری واژۆ بکات بۆ گواستنەوە و کۆگاکردنی نەوتی خاوی بەسرا لە ڕێگەی بەندەرەکانی (بانیاس و تەرتووس) لەسەر دەریای ناوەڕاست، بۆ ئەم مەبەستەش نووسینگەیەکی نوێنەرایەتی وەزارەتی نەوت لەوێ دەکرێتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەکراوە وەزارەتی بازرگانی دەسەڵاتی پێدرا رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ رێکخستنەوەی دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە (فۆرمی خۆراک)، بەجۆرێک کە خەرجییەکان کەم بکرێنەوە و دڵنیایی بدرێت لەوەی تەنیا بگاتە دەستی خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکان.