ترەمپ بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی ئەوروپا دەچێتە تورکیا

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت ئامادەی کۆبوونەوەی لووتکەی داهاتووی ناتۆ بێت لە ئەنقەرە. 

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ سەنگاپوورە و لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ "بلومبێرگ" رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت ئامادەی کۆبوونەوەی لووتکەی داهاتووی ناتۆ بێت کە بڕیارە لە رۆژانی 7 و 8ـی تەممووزی ئەمساڵ لە شاری ئەنقەرە بەڕێوە بچێت.

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، ترەمپ لە کاتی چەند پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ئەم دواییەدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاندووە، پلانی هەیە سەردانی تورکیا بکات و ئامادەی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ناتۆ بێت. 

هاکان فیدان جەختی لەوەش کردەوە، ئیدارەی ئەمریکا ئێستا گوشاری خستووەتە سەر هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ تاوەکوو خەرجییە سەربازییەکانیان زیاد بکەن و بەرپرسیارێتیی زیاتر لە پاراستنی ئاسایشی ئەوروپادا بگرنە ئەستۆ، ئەمەش یەکێک دەبێت لە پرسە سەرەکییەکانی گفتوگۆی نێوان سەرکردەکان لە کۆبوونەوەکەی ئەنقەرەدا.

فیدان تیشکی خستە سەر پرسی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و روونیشی کردەوە، تورکیا بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە هەنگاوە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەکات.

 هەروەها ئاماژەی بەوە دا، هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی هەوڵی رژد دەدەن بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکان. هاوکات تورکیا پێی وایە تەنیا لە رێگەی گفتوگۆ و دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکانەوە دەتوانرێت ئارامی بۆ ناوچەکە بگەڕێنرێتەوە.

لە مانگی تەممووزی داهاتوودا، شاری ئەنقەرە میوانداریی کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ دەکات بۆ ساڵی 2026. ئەمە یەکەم جارە لەدوای ساڵانێکی زۆر تورکیا میوانداریی ئەم لووتکە گرنگە بکات.

 لە ماوەی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ هەمیشە رەخنەی لە وڵاتانی ئەوروپا گرتووە بەوەی خەرجییە سەربازییەکانیان کەمە و داوای کردووە بیگەیەننە ئاستێکی بەرزتر و پشکی شایستەی خۆیان بدەن. 

لەلایەکی دیکەشەوە، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە لوبنان، هەوڵەکان بۆ هێشتنەوەی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامن و تورکیاش رۆڵێکی گرنگ لەم نێوەندەدا دەگێڕێت وەک نێوەندگیرێک.