سلێمانی.. بەڵگەفیلمی "موجیلە؛ ئاوازێکی تەعریبکراو" بەرهەمهێنرا

لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی بەشی فیلمسازی، بەڵگەفیلمی"موجیلە؛ ئاوازێکی تەعریبکراو"، کە لە دەرهێنانی هەوار فارسە، بەرهەمهێنرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ی حوزەیرانی 2026، هەوار فارس،  دەرهێنەری ئەو بەڵگەفیلمە بە کوردستان24ی گوت، "بەڵگەفیلمەکە خۆم کاری دەرهێنانم بۆی کردووە، دڵشاد مستەفا سەرپەرشتیاری پڕۆژە بووە و هۆزان شێرزاد وەک یاریدەدەری دەرهێنەر و بەڕێوەبەری وێنەگرتن کاری کردووە، هەروەها نەژاد نەجم وەک بەڕێوەبەری بەرهەم، دلۆڤان مەجید لە بواری مۆنتاژ و مکیاژ، هێڤار عومەر وەک دەنگهەڵگر، بەرهەم یاسین لە دیکۆر، عەلی ئاراس لە فلای کام و تۆلاز بۆکان لە دیزاینی رووناکیدا کاریان لەو بەڵگەفیلمەدا کردووە."

هەوار فارس گوتیشی، "ئەو بەڵگەفیلمە، تیشک دەخاتە سەر مێژووی مەقامی موجیلە، کە بە گوێرەی توێژینەوەکە داهێنانێکی ماقامبێژی کورد "موجی والی"یە لە شاری کفری لە سەدەی نۆزدەیەمدا. بەڵام دواتر، لە مێژووی مۆسیقای عێراقیدا بە شێوەیەکی سیستماتیک ناسنامەی گۆڕدراوە و بە ناوی "مەدمی" وەک مەقامێکی عەرەبی ناسێنراوە."

ئەو خانمە دەرهێنەرە باس لە گرنگی بەڵگەفیلمەکە دەکات و دەڵێت، "سینەما تەنیا ئامرازێکی گێڕانەوەی چیرۆک نییە، بەڵکو دەتوانێت وەک ئامرازێکی زانستی و مێژوویی بۆ گەڕاندنەوەی مافی داهێنەران و پاراستنی میراتی کولتووری بەکاربهێندرێت. فیلمەکە پشت بە شێوازی "لێکۆڵینەوەی وێنە" دەبەستێت و لە رێگەی وێنەگرتنی شوێنەوارەکانی کفری و کۆکردنەوەی یادەوەرییە زارەکییەکان، بەڵگە لەسەر رەگ و ریشەی کوردیی ئەم مەقامە دەخاتەڕوو."

هەوار فارس ئاماژەی بەوەشدا، "دوای پێشکەشکردنی پڕۆژەکەم، لێژنەی گفتوگۆ کە پێکهاتبوو د. دڵشاد مستەفا، کەریمۆک غەفوور و هیوا محەمەد، پڕۆژەکەیان بەبێ هیچ تێبینییەک پەسەند کرد. هەروەها ئەندامانی لێژنەکە دەستخۆشییان لە هەوڵە زانستی و نیشتمانییەکە کرد کە خزمەت بە ئەرشیفی مۆسیقا و سینەمای کوردی دەکات. هەروەها وێنەگرتنی فیلمەکە لە مانگی یەکی ئەمساڵدا لەشاری کفری ئەنجامدراوە و ستافێکی شارەزا کاریان تێدا کردووە."

بڕیارە، مانگی ئەیلوولی 2026، بەڵگەفیلمی "موجیلە؛ ئاوازێکی تەعریبکراو"، کە لە دەرهێنانی هەوار فارسە، لەچوارچێوەی چالاکییەکانی کۆلێژی هونەرەجوانەکانی زانکۆی سلێمانی نمایش بکرێت.