لە جەژنی قوربان زیاتر لە 10 هەزار ئاژەڵ سەربڕاون
بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئامارەکانی سەربڕینی ئاژەڵ و پشکنینە پزیشکییەکانی لە سەربڕخانەکان بۆ رۆژانی جەژنی قوربانی ئەمساڵ و ساڵی 2025 راگەیاند.
ئامارەکانی جەژنی قوربان
ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی ئایاری 2026، بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە رۆژانی جەژندا 7 هەزار و 748 ئاژەڵی بچووک و 2 هەزار و 810 ئاژەڵی گەورە لە ژێر چاودێری تیمە ڤێتەرنەرییەکان سەربڕاون، لەو ماوەیەدا بەهۆی بوونی نەخۆشی و نەگونجانی مەرجە تەندروستییەکان، رێگری لە سەربڕینی 47 ئاژەڵ کراوە و زیاتر لە 8 تۆن گۆشت و ئەندامی ناوەوەی ئاژەڵ (جگەر و سی) بە نەشیاو ناسێنراون و رەتکراونەتەوە.
ئامارەکانی ساڵی 2025
لە کۆنفرانسەکەدا ئاماژە بەوە درا، لە ساڵی 2025، 517 هەزار و 249 ئاژەڵی بچووک و 113 هەزار و 676 ئاژەڵی گەورە لە سەربڕخانە فەرمییەکان سەربڕاون، هەروەها 1288 ئاژەڵ پێش سەربڕین رەتکراونەتەوە، 630 لاشەی ئاژەڵیش دوای سەربڕین رەتکراونەتەوە.
گوتیشی: تیمە پزیشکییەکان توانیویانە رێگریی لە خواردنی 33 تۆن گۆشتی نەشیاو بگرن کە بەهۆی نەخۆشییەوە زیانی بۆ تەندروستی مرۆڤ هەبووە.
پاراستنی ئاسایشی تەندروستی
بەڕێوبەرەکەی سامانی ئاژەڵ جەختی لەوە کردەوە، سەربڕخانەکان تاکە شوێنی باوەڕپێکراون بۆ بەرهەمهێنانی گۆشتی تەندروست، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر ئەو33 تۆن گۆشتە لە دەرەوەی سەربڕخانەکان و بەبێ پشکنین سەربڕابان، دەبووە هۆی بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی مەترسیدار لەناو هاووڵاتییاندا.