ئێران هۆشداری دەداتە کوەیت و بەحرەین
وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر تانکەرێکی نەوت و تاوەرێکی پەیوەندییەکان لە گەرووی هورمز و دوورگەی قشم دەکات و رایدەگەیەنێت، تاران مافی خۆیەتی هەموو تواناکانی بۆ پاراستنی سەروەریی خاکەکەی و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان بەکاربهێنێت.
رۆژی چوارشەممە 3ی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا، هێرشی سوپای ئەمریکای بۆ سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی و تاوەری پەیوەندیی لە دوورگەی قشم، کە لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەرەبەیانی ئەمرۆ چوارشەممە لە خاکی دوو وڵاتی ناوچەکەوە ئەنجامدراون، بە تووندی سەرکۆنە کرد.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەم کردەوە دەستدرێژییە نەک تەنیا پێشێلکردنی لێکتێگەیشتنی ئاگربەستی رۆژی 8ی نیسانە، بەڵکو پێشێلکردنی ئاشکرای بنەما نێودەوڵەتییەکان و بەندی 4ی ماددەی 2ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە رێگری لە بەکارهێنانی هێز دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداری دایە وڵاتانی کوەیت و بەحرەین و رایگەیاند، رێگەدان بە ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی خاک، ئاو و ئاسمانی وڵاتانی ناوچەکە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، وەک بەشداری لە هێرشەکەدا ئەژمار دەکرێت و بەرپرسیارێتییەکە لە ئەستۆی ئەو وڵاتانەیە. تاران ئاماژەی بەوەش کردووە، بەگوێرەی بڕیارنامەی ژمارە 3314ی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەر هاوکارییەک بۆ هێرشی سەربازیی دژی ئێران بە "کردەوەی شەڕەنگێزی" دادەنرێت.
وەزارەتی دەرەوە جەختی کردووەتەوە، ئێران بۆ پاراستنی سەروەریی نیشتمانیی خۆی، هەموو تواناکانی بەکاردەهێنێت بۆ لێدانی سەرچاوەی هێرشەکان و بەرپرسیارێتی هەر دەرهاویشتەیەکیش دەخاتە ئەستۆی ئەمریکا و ئەو لایەنانەی هاوکاری بوون.
هاوکات لەگەڵ ئەم بەیاننامەیەدا، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند کە لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا، بنکەی کەشتیگەلی 5ی دەریایی ئەمریکایان بە مووشەک و درۆن کردووەتە ئامانج.