ترەمپ: رەنگە لەگەڵ موجتەبا خامنەیی کۆببمەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا سەبارەت بە ئێران و دۆخی ناوچەکە بە رۆژنامەی واشنتن پۆستی راگەیاند، تاران رازی بووە بەوەی چەکی ئەتۆمی نەبێت.
دۆناڵد ترەمپ جەختی کردەوە، ئێران رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئەوەی چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت، هەروەها ئاشکرای کرد کە موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە پڕۆسەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بەشدارە.
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: دۆخی پەیوەست بە ئێران بە خێرایی پەرە دەستێنێت و بەرەو ئاراستەیەکی "زۆر باش" دەچێت، هاوکات رایگەیاند، ئەگەری هەیە لە قۆناخێکدا چاوی بە موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران بکەوێت و لەگەڵی کۆببێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ پێشبینی دەکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی گرژییەکان لەگەڵ ئێران، نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکانی جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێت. ترەمپ بەڵێنی دا لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا نرخی بەنزین و گاز روو لە دابەزین دەکات، ئەمەش وەک ئاماژەیەکە بۆ ئاسایبوونەوەی ئابووریی جیهان.
لە لایەکی دیکەوە، ترەمپ بێزاری و نیگەرانی قووڵی خۆی لە بەردەوامیی ململانێ و پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان دەربڕی و جەختی لە پێویستی کۆتاییهێنان بەو گرژییانە کردەوە.
ترەمپ باسی لەوەشکرد، ئێستا وڵاتەکەی هیچ پێویستییەکی بە ناردنی هێزی زەمینی بۆ ناو خاکی ئێران نییە.