بزووتنەوەی نوجەبا: چەکەکانمان هێڵی سوورە و دەستبەرداری نابین
بزووتنەوەی نوجەبا جارێکی دیکە هەڵوێستی توندی دژی پرۆسەی "چەکداماڵین" راگەیاند و جەختی کردەوە، دەستبەرداری بەرەی موقاوەمە نابێت و چەکەکانیان دانانێن.
چوارشەممە 3ـی ئایاری 2026، بزووتنەوەی نوجەبا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: هەڵوێستی بزووتنەوەکیان جێگیرە و ناگۆڕێت سەبارەت بەو چەکە پیرۆز و رێکخراوەی کە بۆ بەرگریکردن لە پیرۆزییەکانی عێراق و گەلەکەی هەڵیانگرەتووە، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە هەڵوێستێکی روونی ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەکەیە.
هاوکات، ئەکرەم کەعبی پێشتر لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی (X)، ئیسرائیلی تۆمەتبار کردبوو بەوەی هانی ئەمریکییەکان دەدات بۆ ورووژاندنی بابەتی چەکی گرووپە چەکدارەکان، کەعبی گوتی: "چەکی بەرەی موقاوەمە هێڵی سوورە، عێراقمان پێ لە داعش ئەمریکییەکانیان پاراست، تاوەکو یەک هەناسەمان تێدا بێت رادەستی ناکەین، تەنانەت ئەگەر گیانیشمانی لەسەر دابنێین".
هاوکات نازم ساعدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی نوجەبا رایگەیاند، ئەو بڕگەیەی لە کارنامەی حکوومەتی عەلی زەیدیدا هاتووە بۆ "کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت"، چەکی ئەوان ناگرێتەوە، بەڵکو مەبەست لێی ئەو چەکانەیە کە دەبنە هۆی "پشێوی".
ئەم دژایەتییەی نوجەبا لە کاتێکدایە، چوارچێوەی هەماهەنگی پاڵپشتی خۆی بۆ سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی دەربڕیوە بۆ رێکخستنەوەی چەک و جیاکردنەوەی حەشدی شەعبی لە ململانێ سیاسییەکان، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، بڕیاری دا "سەرایای سەلام" لە رەوتەکەی جی بکاتەوە و بیخاتە ژێر فەرمانی دەوڵەت.
دوابەدوای سەدر، هەریەکە لە عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی ئیمام عەلی هەنگاوی هاوشێوەیان نا و لیژنەیان بۆ جیاکردنەوەی باڵە سەربازییەکانیان و رادەستکردنی چەک و کەلوپەلە سەربازییەکانیان بە دەوڵەت پێکهێنا.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردووە، حکوومەت و لایەنە سیاسییەکان لە کۆبوونەوەیەکدا رێککەوتوون لەسەر تەرخانکردنی 35 هەزار هەلی کار بۆ ئەو چەکدارانەی کە رازی دەبن چەکەکانیان رادەست بکەن و تێکەڵی دامەزراوە مەدەنی و ئەمنییەکانی دەوڵەت ببن.