مەترسیی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە زیادبووە
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) لە راپۆرتێکی نهێنیدا هۆشداری دەدات کە مەترسیی پەنابردنی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی نهێنیی چەکی ئەتۆمی، ئێستا زۆر بەرزترە وەک لە پێش دەسپێکی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل. بەپێی راپۆرتەکە، جەنگ نەک هەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی رانەگرتووە، بەڵکو کونە و کەلێنێکی گەورەی لە پڕۆسەی چاودێریکردن و پشکنیندا دروست کردووە.
چوارشەممە 3ـی حوزەیرانی 2026، بەپێی بەڵگەنامەیەکی 119 لاپەڕەیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کە دەست "بلوومبێرگ" کەوتووە، ئێران خاوەنی کۆگایەکی گەورەی یۆرانیۆمی پیتێنراوە کە ئاستەکەی نزیکە لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی. پێش جەنگی 12 رۆژەی حوزەیرانی 2025، ئەم ماددانە هەفتانە لەژێر پشکنینی ورددا بوون، بەڵام ئێستا ئاژانسەکە رایگەیاندووە کە "ناتوانێت هیچ راپۆرتێک لەبارەی دۆخی ئەو ماددە ئەتۆمییانە بدات."
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە دوای جەنگەوە، ژمارەی پشکنینەکان بۆ زیاتر لە نیوە کەمبووەتەوە. پشکنەرانی نێودەوڵەتی تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ وێستگە ئەتۆمییەکانی (فۆردۆ، ئەسفەهان، و نەتەنز) کە زیانیان پێگەیشتووە. لەو وێستگانەدا بڕی 440.9 کیلۆگرام یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو و 8599.6 کیلۆگرام یۆرانیۆمی کەم پیتێنراو هەبووە، کە ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
رافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی کە ئاژانسەکەیان لە گەڕی نوێی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن دوورخراوەتەوە. گرۆسی گوتی: "هەر رێککەوتنێک توانای پشتڕاستکردنەوە و پشکنینی تێدا نەبێت، دەبێتە رێککەوتنێکی خراپ."
لە کاتێکدا کۆشکی سپی پێی وایە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران تێکشکێنراوە، بەڵام ئەم راپۆرتە نوێیەی IAEA بازاڕەکانی وزەی هەژاندووە. چاودێران پێیان وایە کە تەنانەت ئەگەر ئاگربەستیش درێژ بکرێتەوە، گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەتۆمیی سەقامگیر هێشتا رێگەیەکی دوور و پڕ لە ئاستەنگی لەبەردەمدایە. ئەم دۆخە هیوایەکان بۆ ئاساییبوونەوەی خێرای هاتووچۆی نەوت لە گەرووی هورمز کەم دەکاتەوە.
بڕیارە رۆژی 8ـی حوزەیرانی 2026، ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ڤیەننا کۆببێتەوە، کە تێیدا زانیاریی زیاتر لەسەر پێشێلکارییە ئەتۆمییەکانی ئێران و چارەنووسی پشکنینەکان دەخرێنەڕوو. ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە مێژوو نیشانی داوە زۆربەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کەمتر لە 24 کاتژمێر دوای راپۆرتە توندەکانی ئەم ئاژانسە ئەنجام دراون.
هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، جەختی کردەوە، ئێران رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئەوەی چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت، هەروەها ئاشکرای کرد کە موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە پڕۆسەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بەشدارە.
دوێنێ سێشەممە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لەبەردەم ئەندامانی کۆنگرێس رایگەیاندبوو، فشارە ئابووری و سەربازییەکانی ئیدارەی ترەمپ ئێرانیان ناچار کردووە پاشەکشەی مێژوویی بکات؛ ئاشکرای کردبوو ئەگەرێکی بەهێز بۆ رێککەوتن لە ئارادایە کە رەنگە "ئەمڕۆ، سبەی یان هەفتەی داهاتوو" رووبدات.
گوتیشی: "بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، ئێران رازی بووە دانوستان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکات، کە تەنیا ساڵێک یان مانگێک لەمەوبەر ئامادە نەبوون تەنانەت ناوی بهێنن، چ جای ئەوەی گفتوگۆی لەسەر بکەن."