ئەمریکا.. فێستیڤاڵێکی میوزیک کرا بە شین و شیوەنگێڕان

لە ئاهەنگێکی ئاسایی لە ناوچەیەکی ویلایەتی ئوهایۆی ئەمریکا، بەهۆی دەستڕێژەوە 12 کەس لە بەشداربووانی ئاهەنگێک بریندارکراون، کە دووانیان برینەکانی مەترسیدارە، بەڵام تا ئێستا پۆلسی نەیتوانیوە تەقەکەرەکە دەستگیر بکات.

ئاژانسی فرانسی پرێس بڵاویکردووەتەوە، رووداوەکە لە ناوچەی تۆلیدۆی ویلایەتی ئوهایۆ بووە و بە گوێرەی ئەو زانیاری و گرتە ڤیدیۆیانەی لە رێگەی مۆبایلەوە گیراون و کەوتوونەتە دەستی پۆلیس، دەردەکەوێت لە نزیک ئاهەنگێڕانی فێستیڤاڵی ئۆڵد وێست ئیند، دوو گومانلێکراو بە چەک رووبەڕووی یەکتربوونەتەوە و بەهۆیەوە 12 بەشداربووی فێستیڤاڵەکە برینداربوون.

لەمبارەوە جێگری فەرماندەی پۆلیسی تۆلیدۆ، جۆزڤ هێفێرنان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، 12 بریندار هەیە و دوو لە بریندارەکانی ژیانیان لە مەترسیدایە، لەگەڵ ئەمەشدا هەڵمەتی گەڕان بە دوای دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەو دوو تەقەکەرەی رووبەڕووی یەکتربوونەتەوە و بوونەتە هۆکاری ئەم کارەساتە بەردەوامە.

هەروەها ئەفسەرێکی پۆلیس، بە ناوی دان گیرکن ئاشکرای کردووە، تەمەنی بریندارەکان لە خوار 20 ساڵانەوەیە و نیگەرانی خۆیشی دەربڕیوە لە زیادبوونی ژمارەی رووداوەکانی توندوتیژی لە کۆمەڵگەی ئەمریکا.

فێستیڤاڵی ئۆڵد وێست ئیند، ئاهەنگێڕانێکی میوزیکە و ساڵانەیە لە شەقامەکانی گەڕەکێکی مێژوویی شارۆچکەی یۆلیدۆ بەڕێوەدەچێت، رووبەڕووبوونەوە و تەقەکردنەکە کاتێک روویداوە، کە ژمارەیەکی زۆری پۆلیس چاودێری ئاسایشی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکەیان کردووە.

ئەگەر رۆژانەش نەبێت، بەڵام هەفتانە یان لە مانگێکدا چەندان رووداوی تەقەکردن و کوشتن و بریندارکردنی خەڵکی سڤیل لە هەموو چین و توێژ و تەمەنەکانی کۆمەڵگەی ئەمریکی تۆمار دەکرێت، هۆکارەکەشی یاسای چەکە، کە رێگەی بە هەموو کەسێک دەدات بە ئاسانی دەستی بە شوێنەکانی چەکفرۆشت بگات و چەکی تایبەت بە خۆی هەبێت، ئەمەش وایکردووە ساڵانە ژمارەیەک بەرزی قوربانی ئەو یاسایە لە سەرتاسەری ئەمریکا تۆمار بکرێت.