لە چەند کاتژمێری داهاتوودا؛ دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە

سەرچاوەیەکی تایبەت لە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، دۆخی هەناردەکردنی گازی کۆرمۆر تا ئاستێکی باش ئاسایی بووەتەوە و پێشبینی دەکرێت نزیکەی کاتژمێر 8ـی ئێوارەی ئەمڕۆ زۆرینەی هەناردەکە ئاسایی ببێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا.

یەکشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2026، سەرچاوەیەکی تایبەت لە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت؛ دۆخی هەناردەکردنەوەی گازی کێڵگەی کۆرمۆر تا ئاستێکی باش ئاسایی بووەتەوە و، پێشبینی دەکرێت ئێوارەی ئەمڕۆ نزیکەی کاتژمێر 8، پرۆسەی هەناردەکردنەکە بە رێژەی زۆرینە بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی، بەمەش ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بەرز دەبێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ زیادبوونی رێژەی گازەکە، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان زیاد دەکات، بەڵام بەشێک لە یەکەکانی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ژێر پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی وەرزییدان، بۆیە ئاساییبوونەوەی تەواوەتیی دۆخی کارەبا بەستراوەتەوە بە کارکردنەوەی تەواوی ئەو یەکانەوە.

سەرچاوەکە روونی کردەوە، دوای گەڕانەوەی بڕی پێویستی گاز کە بڕیارە نزیکەی کاتژمێر 8ـی ئێوارەی ئەمڕۆوە بێت، یەکەکانی بەرهەمهێنان بە پێی رێکارە زانستی و تەکنیکییەکان دەخرێنەوە گەڕ و، لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی هێدی هێدی روو لە بەرزبوونەوە دەکەن.

لەم بارەوە ئومێد محەممەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوتوبوو: بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی خواستە لەسەر زیاتر بەکارهێنانی کارەباوە، لەلایەکی دیکەشەوە بەشێک لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان پرۆژەی چاکسازی و نۆژەنکردنەوەیان بۆ دەکرێت، بۆیە پچڕانی چەند کاتژمێری دروست بووە.

بە پێی ئەو ئامارەی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، تا ئێستا نزیکەی 5.5 ملیۆن هاووڵاتی کە زیاترە لە 85%ـی دانیشتووانی کوردستان لە پڕۆژەی رووناکی، کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە.