ئەکسیۆس: ناتانیاهۆ داواکارییەکەی ترەمپی بۆ راگرتنی هێرشەکان رەت کردووەتەوە
بەرپرسێکی ئەمریکی بە "ئاکسیۆس"ی راگەیاندووە، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە رێزەوە بووە، بەڵام ناتانیاهۆ داواکارییەکەی ترەمپی بۆ کۆتاییهێنان بە پەرەسەندنەکان رەتکردووەتەوە.
دووشەممە 7ـی حوزەیرانی 2026، بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ لە میانەی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکیدا لەگەڵ ناتانیاهۆ بە روونی گوتویەتی،" پێویستە ئەم زنجیرە هێرش و دووبارە بوونەوەیەی گرژییەکان کۆتاییان پێبهێنرێت و تەواو بێت، هەروەها ئەمریکا رەزامەندی لەسەر ئەم هێرشانە نەداوە و پشتگیریشیان ناکات، بەڵام بنیامین ناتانیاهۆ بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا رەزامەندی خۆی بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەی ترەمپ نیشان نەداوە و رەتی کردووەتەوە کە بە ئاسانی دەست لە هێرشکردنە سەر ئێران هەڵبگرێت.
هاوکات ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەش کردووە، سوپای ئەمریکا بەشداری لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نەکردووە، لە کاتێکدا بەرپرسێکی ئیسرائیلی گوتی، واشنتن هاوکاری ئیسرائیلی کردووە لە تێکشاندنی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەی.
سوپای ئیسرائیل بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، هێرشی کردووەتە سەر چەند سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی کە ئێرانییەکان لە ماوەی راگرتنی جەنگدا دووبارە بونیادیان نابووەوە، دواتریش ئیسرائیل هێرشی کردە سەر دامەزراوەیەکی گەورەی پترۆکیمیایی لە ئێران، سوپای ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو شوێنە بۆ بەرهەمهێنانی ماددەی خاوی دروستکردنی چەک بەکارهاتووە.
لە بەرانبەردا، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەمریکا بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەرپرسیارە لە کارەکانی ئیسرائیل، جەختیشی کردەوە کە ئەم پێشهاتانە تەنها دەبنە هۆی خراپترکردنی دۆخی شێواوی پڕۆسەی دیپلۆماسی.
لە هەڵوێستێکی جیاوازدا، دۆناڵد ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد، پێویستە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بە خێرایی بەرەوپێش بچن، مەگەر نەزانی یان گەمژەیی رێگرییان لێ بکات.