بەرپرسێکی کوردستان: ئەگەری زۆرە هەفتەی داهاتوو رێککەوتنی ئەسیکۆدا واژۆ بکرێت

شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لەسەر پرسی ئەسیکۆدا سەردانی بەغدا دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 09ـی حوزەیرانی 2026، دکتۆر سامی جەلال، سەرۆکی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سیستمی ئەسیکۆدا، بە کوردستان24یـی راگەیاند، بڕیاربوو دوێنێ (دووشەممە، 08ـی حوزەیران)، شاندەکەیان بۆ پرسی ئەسیکۆدا بچێتە بەغدا، بەڵام سەردانەکەیان بۆ دووشەممەی هەفتەی داهاتوو، 15ـی حوزەیران، دواخرا. 

بە گوتەی ئەو بەرپرسە، بە ئەگەری زۆرەوە هەفتەی داهاتوو، هەردوو شاندی  حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ سەبارەت بە سیستەمی ئەسیکۆدا، دەگەنە رێککەوتنی کۆتایی و یاداشتێک واژۆ دەکرێت.

سەبارەت بە ئەو خاڵانەی هێشتا جێگەی ناکۆکی و گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدان، سامی جەلال، روونیی کردەوە، بە شێوەیەکی گشتی لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا رێککەوتوون و تەنیا چەند کێشەیەکی بچووکی تەکنیکی ماون. 

ئاماژەی بەوەش دا، هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی مەرج و داواکارییەکانییەوە دەچێتە ناو سیستمەکە و میکانیزمەکەی جێبەجێ دەکات.

لەبارەی گفتوگۆی شاندەکە لە ماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا لەگەڵ دوو کابینەی جیاوازی حکوومەتی عێراق و ئەگەری دروستبوونی بەربەست، سەرۆکی شاندەکەی هەرێمی کوردستان ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، بە پێچەوانەوە تێگەیشتنی باشیان لەگەڵ کابینەی ئێستای حکوومەتی عێراق هەیە و هیچ کێشەیەک بۆ رێککەوتنی کۆتایی دروست نابێت.

سیستمی ئەسیکۆدا، سیستمێکی ئەلیکترۆنیی نێودەوڵەتییە بۆ بەڕێوەبردنی داتای گومرگ و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەرەی پێ دراوە. ئامانج لەم سیستمە بە ئەلیکترۆنیکردنی سەرجەم رێکارە گومرگییەکان، خێراکردنی مامەڵە بازرگانییەکان، رێگریکردنە لە گەندەڵی و شەفافکردنی داهاتی ناوخۆیە. 

حکوومەتی فیدراڵ ماوەیەکە کار بەم سیستمە دەکات و داوای لە هەرێمی کوردستانیش کردووە بچێتە ناو سیستمەکەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ یەکخستنی رێکارە دارایی و گومرگییەکانی سەرجەم دەروازە سنوورییەکان لە سەرتاسەری عێراق دەبینرێت.