%8ـی دامەزراوانی نوێی هەڵەبجە بۆ سایلۆی شارەکە دەبێت

وێنە؛ سایلۆی هەڵەبجە
وێنە؛ سایلۆی هەڵەبجە

پرۆژەی سایلۆی نوێی هەڵەبجە لە کۆتایی کارەکانیدایە و بڕیارە بەر لە کۆتایی ئەمساڵ تەواو بکرێت و لەگەڵ دروێنەی ساڵی داهاتوو، بەرهەمی جووتیارانی دەڤەرەکە وەربگرێت، بەڵام بەر لە تەواوبوونی پرۆژەکە لە سەر میلاکی ئەو 250 دامەزراندنەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ فەرمانگەکانی پارێزگاکە دایویەتی، بڕیارە ژمارەیەک فەرمانبەری بۆ دابمەزرێندرێت.

گۆران محەمەد رەشید ئەندامی دەستەی سەرپەرشتیاری جێبەجێکردنی پرۆژەی سایلۆی هەڵەبجە ئەمڕۆ سێشەممە 9ی حوزەیرانی 2026، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند؛ پڕۆژەکە %85ی تەواو بووە و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ کارەکانی تەواو بکرێن و بۆ ساڵی داهاتوو تێیدا دەست بە وەرگرتنی بەرهەمی جووتیارانی دەڤەرەکە بکرێت.

هەروەها ئاماژەیدا، هەرچەندە بڕیاربوو بە لە 700 رۆژدا پرۆژەی سایلۆی هەڵەبجە تەواو بکرێت، بەڵام بەهۆی سەرما و چەند گرفتێکی تەکنیکی جێبەجێکارانی پرۆژەکە داوای 120 رۆژ درێژکردنەوەی کارەکانیان کرد و ئێستاش کارەکان لە کۆتاییدان.

لە بارەی دامەزراندنی فەرمانبەر بۆ سایلۆی هەڵەبجە، بەو پێیەی پرۆژەکە لەو دەڤەرە نوێیە، گۆران محەمەد گوتی: بە گوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی راژەی گشتیی، بۆ دامەزراندنی 250 فەرمانبەری گرێبەست بۆ فەرمانگەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە، بە نیازن نزیکەی 20 فەرمانبەریان بۆ سایلۆکە بن، کە دەکاتە %8ـی دامەزراوەکان.

لە بارەی دابینکردنی کارەبا بۆ سایلۆی هەڵەبجە، ئەندامەکەی دەستەی سەرپەرشتیاری جێبەجێکردنی پرۆژەکە، گوتی: دوو وێستگەی کارەبا، یەکێکیان 33Kv و ئەوی دیکەش بە توانای 11Kv لە نزیک سایلۆکە هەن، بەڵام تا ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە کامیان دەکرێنە سەرچاوەی سەرەکی وزەی سایلۆکە.

ئەو لینکە ئەلیکترۆنییەی ئەنجوومەنی راژەی گشتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، بڕیارە سبەی چوارشەممە 10 تا 24ـی حوزەیران کار بکرێت و تا دوو هەفتە بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی خوازیارانی دامەزراندنی گرێبەست فۆرمەکە پڕ بکەنەوە؛ ئەمە لە کاتێکدایە سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران بە نووسراویان ژمارە 12340 لە 6ـی تشرینی یەکەمی 2025، رەزامەندی داوە بە دامەزراندنى 250 فەرمانبەر بە گرێبەست، لەسەر میلاکى فەرمانگەکانى حکوومەتى هەرێم لە سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە، کە 32 لە دامەزراوەکان دەبێت لە پسپۆریی جیاواز.

سایلۆی هەڵەبجە یەكێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە 30ـی حوزەیرانی دا 2024، لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی دانرا. پرۆژەکە لەسەر رووبەری 52 دۆنم زەوی دروست دەکرێت و گوژمەی 27 ملیار و 204 ملیۆن و 200 هەزار دیناری بۆ تەرخانکراوە، هەروەها توانای هەڵگرتنی 40 هەزار تۆن گەنمی دەبێت، بەگوێرەی ئامارەکانی پێشوو، بەرهەمی ساڵانەی گەنم لەو دەڤەرە دەگاتە نزیکەی 40 هەزار تۆن، بەڵام بەهۆی نەبوونی سایلۆوە جووتیاران بەرهەمەکانیان بردووەتە سایلۆکانی سلێمانی.