حکوومەتی هەرێم کار بۆ هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی لەگەڵ عێراق دەکات
شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، سەردانی بەغدا دەکات، بە مەبەستی گرتنەبەری رێکارەکانی هاوتاکردنی مووچە و دابینکردنی شایستە داراییەکانی زیندانیان و راگیراوانی سیاسیی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ.
رۆژی سێشەممە، 9ـی حوزەیرانی 2026، بە سەرپەرشتیی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە تاوتوێکردنی ڕێکارەکانی هاوتاکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی زیندانیان و راگیراوانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەکە لە دیوانی وەزارەتی دارایی سازکرا، بە ئامادەبوونی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون.
بە پێ راگەیەنراوی وەزارەتی دارایی، لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر دوایین هەوڵە کارگێڕی و داراییەکان بە مەبەستی یەکخستن و هاوتاکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی زیندانیان و راگیراوانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە عێراق.
ئەم هەنگاوە لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دێت کە لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا دەرچووە، دوابەدوای کۆبوونەوە و لێکتێگەیشتنە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم دەزگای زیندانیانی سیاسیی عێراق.
وەک ئەنجامی کۆبوونەوەکە، بڕیاردرا لە ئاییندەیەکی نزیکدا شاندێکی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان سەردانی بەغدا بکات، بە مەبەستی گفتوگۆکردنی راستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵ و گرتنەبەری تەواوی رێکارە کارگێڕی و یاساییەکان بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی ئەم توێژە.