ئیسرائیل: ئامادەین بۆ لێدانی بەهێز لە ئێران
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ وەشاندنی گورزێکی بەهێز لە ناو خاکی ئێراندا و جەختی لەوە کردەوە کە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تاران "هێشتا زۆری ماوە کۆتایی بێت".
چوارشەممە 10ـی حوزەیرانی 2026، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، هەموو هەوڵەکانی ئێرانی بۆ بەستنەوەی گۆڕەپانە جیاوازەکانی جەنگ رەتکردەوە و گوتی: "سوپا بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر ئەندامانی حزبوڵڵا لە هەموو شوێنێک، و بە توندی هەڕەشەکانی ئێران و هەوڵەکانی بۆ لکاندنی بەرەکان رەتدەکەینەوە." هاوکات کاتز هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە ئەگەر ئێران هێرش بکات، لێدانێکی بەهێزی بەردەکەوێت هاوشێوەی ئەوەی چەند رۆژێک لەمەوبەر ئەنجامیان داوە.
هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی دووبارە بە توندی هێرش دەکاتە سەر ئێران و مافی خۆیانە بۆردومانەکان دەستپێبکەنەوە، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئێران کاتێکی زۆری بۆ دانوستان و رێککەوتن بەفیڕۆ داوە و ئێستا دەبێت باجی ئەوە بدات، ئەمەش دوای ئەوەی ئێران هێلیکۆپتەرێکی "ئاپاچی" ئەمریکی لە نزیک کەناراوەکانی عومان خستە خوارەوە.
لەلایەکی دیکەوە، پیت هیگسێت، وەزیری بەرگری ئەمریکا، هۆشداری دایە تاران و رایگەیاند، کارێکی دانایانە نییە ئێران بەردەوام بێت لە ئەڵەنگاریکردن لەگەڵ ئەمریکا و داوای لێکردن لە زیادکردنی ئاڵۆزییەکان بوەستن.
لای خۆیەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، لە وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپ نووسیویەتی: "ژێرخانە مەدەنییەکان شادەماری سەرەکیی ژیانی خەڵکن؛ هەڕەشەکردن لەم ژێرخانانە، لە تۆڕەکانی گواستنەوەوە بگرە تا دەگاتە کەرتی ئاو و کارەبا، پیشاندانی هێز نییە، بەڵکوو بەڵگەیەکی روونە لەسەر نائومێدی و بێدەسەڵاتی لە بەرامبەر ئیرادەی پۆڵایینی گەلدا".
سەرۆککۆماری ئێران لە درێژەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بە توانای ناوخۆیی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند: "کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرامبەر هەر جۆرە فشار و هەڕەشەیەکدا خۆڕاگر دەبێت، بە پشتبەستن بە ئەزموون، لێهاتوویی، یەکڕیزیی نیشتمانی و هاوسۆزیی هاووڵاتیانی".
ئەم پەیامە توندەی سەرۆککۆماری ئێران دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە هۆشداریی ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی نوێی دایە تاران.