رێبەر ئەحمەد لە ئامێدی: بەهۆی وەستانی شەڕ ئارامی بۆ ناوچەکە گەڕاوەتەوە

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەسەرکردنەوەی خاڵە سنووریی و سەربازییەکان لە دەڤەری ئامێدی ئاماژەی بە گەڕانەوەی ئارامی و ئاوەدانی کرد بۆ ناوچەکە.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2026، لە لێدوانێکیدا بۆ ژمارەیەک لە دەزگاکانی راگەیاندن لە سنووری شارۆچکەی ئامێدی راگەیاند "لە سەردانێکی مەیدانیماندا ناوچە سنووری خاڵە سەربازییەکانمان بەسەرکردەوە، هەروەها لە نزیکەوە گوێمان لە گلەیی و داواکارییەکانی بەرپرسە کارگێڕییەکانی سنوورەکە گرت".

گوتیشی: بە خۆشحاڵییەوە چەند ساڵێکە بەهۆی وەستانی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا ئارامی بۆ سنوورەکە گەڕاوەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر بگەڕێتەوە سەر ماڵ و زێدی خۆیان، هیوادارین ئەو کێشە و گرفتانەی لە سنوورەکە ماون بە تەواوی کۆتایی پێبێت و ئارامی یەکجاری بگەڕێتەوە، هەروەها ببێتە هۆی ئەوەی چیتر هاووڵاتییان بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە زێدی خۆیان بەجێنەهێڵن.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا، سەرەڕای چەندین فشار و دوورەدەستی بەڵام یەکە کارگێرییەکانمان بەگوێرەی توانا و بەبێ ئەوەی درێغی بکەن خزمەتی ناوچەکە و هاووڵاتییانیان کردووە، رێبەر ئەحمەد باسی لە قارەمانییەتی خەڵکی دەڤەرەکە کرد و رایگەیاند: هاووڵاتییانی ئەم دەڤەرە قوربانی زۆریانداوە بەتایبەت لە بزاڤ و شۆڕشە کوردییەکان، بە خەڵکێکی جوامێر و قارەمان ناوزەندی کردن.

وەزیری ناوخۆ رایگەیاند: هەندێک دەڤەر لە دەرەوەی ئیرادەی ئێمەنە، هیوادارین ئەو پرۆسەیەی ئاشتییەی لە تورکیا هەیە بە سەرکەوتووی بەڕێوەبچێت، حکوومەتی هەرێم و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان هەرچیان لە توانابێت بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە دەیکەن.

وەزیری ناوخۆ ئاماژە بە دڵڕفێنی جوگرافیای دەڤەرەکە دەکات و دەخوازێت بە زووی یەکە کارگێرییەکان بگەڕێنەوە باوەشی هەرێمی کوردستان.

دەربارەی هەبوونی خاڵە پشکنینەکان، رێبەر ئەحمەد گوتی: هەرکاتیک بە پیویستمانزانی خاڵە پشکنینەکان بۆ ناوچە سنوورییەکان بگوازینەوە بێگوومان ئەو کارە دەکەین، بەڵام تا پێویستبێت بۆ سەلامەتی خەڵک و ناوچەکە دەمێننەوە. 

لە دەڤەری ئامێدی و ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای دهۆک، بۆ ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ، شەڕ و  پێکدادانە چەکدارییەکانی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سوپای تورکیا بوو، هەروەها ئەمەش بووە هۆی چۆڵبوونی زیاتر لە 200 گوند لە سنووری ئامێدی و ناحیەکانی (شێلادزێ، کانی ماسی، دێرەلووک و چەمانکێ) بە تەواوی یان بەشێکیان چۆڵ کرابوون، کە زیانێکی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری ناوچەکە گەیاندبوو.
هەروەها جگە لە شەهیدبوونی چەندین هاووڵاتی سڤیلی دەڤەرەکە بەهۆی بۆردوومانەکان، ژێرخانی ئابووری و تۆڕەکانی کارەبا و رێگاوبانەکانیش زیانی گەورەیان بەرکەوتبوو.
بەڵام وەک لە لێدوانەکەی وەزیری ناوخۆدا ئاماژەی پێکراوە، گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە پەیوەستە بەو هەوڵە دیپلۆماسی و سیاسییانەی کە باس لە "پرۆسەی ئاشتی" یان لێکتێگەیشتنی نوێ دەکەن لە ناوچەکەدا. ئەم ئارامییە دەرفەتی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان رەخساندووە تاوەکو جارێکی تر دامودەزگا کارگێڕییەکان و خزمەتگوزارییەکان بگەیەنێتەوە ئەو شوێنانەی پێشتر بەهۆی شەڕەوە دەستیان پێ ڕانەدەگەیشت و ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی باوباپیرانیان بکات.