کوەیت سکاڵا لە دژی ئێران تۆمار دەکات
دەستەی گشتیی فڕۆکەوانی مەدەنی کوەیت رایگەیاند، بەهۆی بەئامانجگرتنی راداری فڕۆکەخانە و تێکدانی ژێرخانی گەشتە ئاسمانییەکانیان، سکاڵایەکی فەرمیان لای رێکخراوی فڕۆکەوانی مەدەنی نێودەوڵەتی (ICAO) دژی ئێران تۆمار کردووە.
دەستەکە ئاشکرای کرد، دوێنێ پێنجشەممە لە ئەنجامی هێرشەکاندا، راداری فڕۆکەخانە کراوەتە ئامانج و بەو هۆیەوە چەندین کەس بریندار بوون و زیانی ماددیی زۆریش بە دامەزراوە و ئامێرەکانی پەیوەست بە بەڕێوەبردنی جووڵەی ئاسمانی گەیشتووە.
لەو چوارچێوەیەدا، دەستەی گشتیی فڕۆکەوانی مەدەنی کوەیت روونیکردەوە، ئەو زیانە گەورانە وایکردووە بۆ ماوەیەکی کاتی و وەک رێکارێکی خۆپارێزی "گەشتە ئاسمانییەکان بەشێوەیەکی کاتی لە کوەیت ڕابگیرێن"، ئەمەش لەپێناو پاراستنی گیانی گەشتیاران و ئاسایشی فڕۆکەوانی، پێش ئەوەی دواتر جووڵەی گەشتەکان ئاسایی ببێتەوە.
کوەیت لە نامەکەیدا بۆ رێکخراوی "ئیکاو" جەختی کردووەتەوە، بەردەوامیی بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی فڕۆکەوانی و ژێرخانی مەلەوانی ئاسمانی، پێشێلکارییەکی روون و مەترسیداری رێککەوتننامەی شیکاگۆی ساڵی 1944 و سەرجەم بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە ئاسایشی فڕۆکەوانییە.
هەروەها دەستەکە هۆشداریی داوە کە ئەم جۆرە کردەوانە، ژیانی گەشتیاران و تیمە ئاسمانییەکان و کارمەندانی ئەو کەرتە دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە و هەرەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان.
لە بەشێکی دیکەی سکاڵاکەدا، داوا لە رێکخراوی "ئیکاو" کراوە بەپەلە بجوڵێت و رێکاری پێویست بگرێتەبەر و ئەو پێشێلکارییە بەردەوامانە دۆکیۆمێنت بکات و لێکۆڵینەوە لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی بکات.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، کوەیت دووپاتی کردووەتەوە کە "تەواوی مافە یاساییەکانی خۆی دەپارێزێت" و مافی رەهای خۆیەتی هەموو رێکارێکی گونجاو بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتننامەکان بگرێتەبەر.