دادگای ئەمریکا تۆمەتبارێکی دابینکردنی تەکنەلۆژیا بۆ درۆنەکانی ئێران بە کەفالەت ئازاد دەکات

دادگایەکی فیدراڵیی ئەمریکا بڕیاری ئازادکردنی مەرجدار بۆ ئەندازیارێکی بە ڕەچەڵەک ئێرانی دەرکرد، کە تۆمەتبارە بە دابینکردنی تەکنەلۆژیای قەدەغەکراوی ئەمریکی بۆ پڕۆگرامی درۆنی ئێران، کە دواتر لە هێرشەکەی سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ئوردن بەکارهاتووە.

بەگوێرەی ئاژانسی "ڕۆیتەرز"، ئیندیرا تالوانی، دادوەری فیدراڵی، رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئازادکردنی "مەهدی سادقی" کە رەگەزنامەی ئەمریکی و ئێرانی هەیە، ئەمەش لە بەرامبەر کەفالەتێکی دارایی بە بڕیاری 500 هەزار دۆلار. بڕیارەکە مەرجی نیشتەجێبوونی زۆرەملێ و چاودێریی ئەلیکترۆنی لەڕێگەی سەتەلایتەوە لەخۆدەگرێت.

ئەم بڕیارەی دادگا دوای چەند مانگێک دێت لە رەتکردنەوەی داواکارییەکانی پێشتری بۆ ئازادکردن، ئەمەش بەهۆی ترسی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا لە هەڵاتنی ناوبراو بۆ دەرەوەی وڵات.

سادقی تۆمەتبارە بەوەی یاساکانی چاودێری هەناردەکردن و سزاکانی ئەمریکای پێشێل کردووە، ئەوەش لەرێگەی هاوکاریکردنی کۆمپانیایەکی ئێرانی بۆ دەستکەوتنی پارچە و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ئەمریکی، کە پەیوەندییان بە پڕۆگرامی درۆنی سەربازیی ئێرانەوە هەبووە.

داواکاری گشتیی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەو تەکنەلۆژیایەی سادقی دابینی کردووە، لە سیستەمی مەلەوانی (نیشانەشکێنی) ئەو درۆنانەدا بەکارهاتووە کە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی سەربازیی "تاوەر 22" لەسەر سنووری ئوردن و سووریا لە کانوونی دووەمی 2024. لەو هێرشەدا سێ سەربازی یەدەگی سوپای ئەمریکا کوژران و 47 سەربازی دیکەش بریندار بوون.

بەگوێرەی تۆمەتەکان، سادقی هاوکاری بازرگانێکی ئێرانی بە ناوی "محەممەد عابدینی" کردووە، کە واشنتن تۆمەتباری دەکات بە دابینکردنی سیستەمی مەلەوانی بۆ درۆنەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران.

بڕیارە رۆژی 22ی حوزەیرانی ئەمساڵ دادگاییکردنی سادقی دەستپێبکات، ئەمەش لە کاتێکدایە ناوبراو هەموو ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون رەت دەکاتەوە و جەخت لە بێتاوانی خۆی دەکاتەوە. جێی ئاماژەیە، محەممەد عابدینی کە شەریکی سادقی بوو لەم دۆسیەیەدا، پێشتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیاوە ئازاد کرا و گەڕایەوە بۆ ئێران.

ئەم دۆسیەیە لە کاتێکدایە، واشنتن چاودێرییەکی توندی خستووەتە سەر هەر هەوڵێک بۆ گواستنەوەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بۆ ئێران، بەتایبەتی ئەو تەکنەلۆژیایەی لە پڕۆگرامەکانی درۆن و مووشەکدا بەکاردەهێنرێن.