داخستنی گەرووی هورمز نرخی سووتەمەنی 40% بەرز کردووەتەوە

گەرووی هورمز
گەرووی هورمز

بەهۆی بەردەوامیی داخستنی گەرووی هورمز بۆ ماوەی زیاتر لە 100 رۆژ، بازاڕەکانی وزە و کەرتە ئابوورییەکانی جیهان تووشی شڵەژانێکی گەورە بوون، بەپێی ئامارە نوێیەکان، نرخی سووتەمەنی لەسەر ئاستی جیهان بەڕێژەی 40% بەرزبووەتەوە و رۆژانە زیاتر لە 5 ملیۆن بەرمیل نەوت لە بازاڕەکاندا کەمیکردووە.

داخستنی ئەم رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە کە لە دوو لایەنەوە گەمارۆ دراوە، کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر ئەمریکا دروست کردووە، لەو وڵاتەدا، رێژەی هەڵاوسان بۆ 4.2% بەرزبووەتەوە و نرخی 1 گاڵۆن بەنزین گەیشتووەتە 4.5 دۆلار، کە ئەم نرخە لە ماوەی 3 ساڵی رابردوودا بێپێشینە بووە.

هاوکات، قەیرانەکە تەنها کەرتی وزەی نەگرتووەتەوە، بەڵکو کاریگەرییەکی توندی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراک جێهێشتووە، بەهۆی پەککەوتنی گواستنەوەی ماددە پێترۆکیمیایی و کیمیاییەکان لە وڵاتانی کەنداوەوە کە بەرهەمی سەرەکیی هایدرۆکاربۆنن، بەرهەمهێنانی خۆراک لەسەر ئاستی جیهان تووشی کێشە بووە.

رۆبێرت ساکوتا، پسپۆڕی جیۆپۆڵەتیکی وزە و دیپلۆماتکاری پێشووی ئەمریکا، هۆشداری دەدات کە بەردەوامیی ئەم دۆخە دەبێتە هۆی کارەسات لە کەرتی کشتوکاڵدا، ساکوتا رایگەیاند "جیهان پێویستییەکی بەردەوامی بەو 20 ملیۆن بەرمیل نەوت و گازە شلکراوە و پەینە کیمیاییانە هەیە کە لە کەنداوەوە دێن، ئێمە لەبەردەم قۆناخێکی سەختداین، بەتایبەت بۆ نیوەگۆی باکوور کە ئێستا وەرزی داچاندنە."

ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەش کرد، گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی کاتی دەوێت، چونکە کارپێکردنەوەی کێڵگە داخراوەکان و گەڕانەوەی کەشتییەکان پڕۆسەیەکی ئاڵۆزن.

بۆ وڵاتێکی وەک عێراق، داخستنی گەرووەکە ئالنگارییەکی گەورەیە، چونکە تێرمیناڵی بەسرە لە باشوور تاکە رێڕەوی سەرەکیی هەناردەکردنی 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەیە. لە ئێستا عێراق پەنای بۆ گواستنەوەی بەشێک لە نەوتەکەی بە تانکەر لە رێگەی خاکی سووریاوە بردووە.

لەو بارەیەوە، د. حازم ئیبراهیم، بەرپرسی ستراتیژی لە پەیمانگەی نیولاین رایگەیاند "گواستنەوە بە تانکەر رێگەیەکی کارا نییە. پلانی ئێمە بونیادنانی هێڵی بۆریی نەوتە وەک رێگەیەکی هەمیشەیی بۆ ئەوەی جیهان لە داهاتوودا نەبێتە بارمتەی گەرووی هورمز."

لە ئێستا پرسی گەرووی هورمز یەکێکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی دانوستانی نێوان واشنتن و تاران. لایەنی ئەمریکی جەخت لەسەر گەڕانەوەی بارودۆخی گەرووەکە بۆ پێش 28ـی شوباتی ئەمساڵ دەکاتەوە، تاوەکو جووڵەی بازرگانی نێودەوڵەتی ئاسایی ببێتەوە و ڕێگری لە داڕمانی زیاتری ئابووری جیهانی بگیرێت.