راوێژکارێکی زەیدی بۆ کوردستان24: هیچ پلانێک بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار نییە

مەزهەر محەمەد ساڵح
مەزهەر محەمەد ساڵح

راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەموو ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە کە باس لە بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار دەکەن بەرانبەر دینار بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی. ئاماژە بەوەش دەدات کە داخستنی گەرووی هورمز گورزێکی گەورەی لە داهاتی وڵات داوە، بەڵام حکوومەت پەنا بۆ گرانکردنی دۆلار نابات.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری، تایبەت بە کوردستان24ی راگەیاند؛ ئاستەنگە داراییەکانی ئێستای عێراق راستەوخۆ پەیوەستن بە ململانێ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و داخستنی گەرووی هورمز. ناوبراو روونی کردەوە کە نزیکەی 85%ی نەوتی عێراق رۆژانە لە رێگەی ئەو گەرووەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرا، بۆیە پەککەوتنی ئەو رێڕەوە ئاوییە توانای دارایی حکوومەتی سنووردار کردووە.

ئەو راوێژکارەی عەلی زەیدی، ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە کە باس لەوە دەکەن حکوومەت دەیەوێت بەهای دۆلار زیاد بکات و رایگەیاند: "لەم قۆناخەدا حکوومەتی عێراق هیچ پلانێکی بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار نییە، بەڵکو هەموو هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی جێگرەوە و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە چڕ کراونەتەوە."

ئەم لێدوانانەی مەزهەر محەمەد ساڵح دوای ئەوە دێن، کە لە چەند رۆژی رابردوودا بەشێک لە میدیاکانی عێراق بڵاویان کردەوە، حکوومەتی فیدراڵ بە نیازە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و قەیرانی دارایی، جارێکی دیکە بەهای دۆلار بەرانبەر دینار بەرز بکاتەوە.