ئێران هەواڵی هەڵوەشاندنەوەی گەشتی شاندەکەی بۆ سویسرا رەتدەکاتەوە

ئاژانسی هەواڵی "ئیرنا" ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە هەڵوەشاندنەوەی گەشتی شاندی وڵاتەکەی دەکەن بۆ سویسرا بە مەبەستی واژۆکردنی یاداشتی لێکگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا و، جەختی کردەوە شاندەکەیان لە کاتی دیاریکراودا ئامادە دەبێت.

چوارشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران "ئیرنا"، سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە ئامادەنەبوونی بەرپرسانی وڵاتەکەی دەکەن لە سویسرا بە مەبەستی واژۆکردنی یاداشتی لێکگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا.

لە هەمان چوارچێوەدا، ئاژانسی "ئیرنا" لە زاری سەرچاوەکانی خۆیەوە ئاشکرای کرد، کارکردن لەسەر دەقی رێککەوتننامەی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە سەرجەم بەرەکاندا، لەوانەش بەرەی لوبنان، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە بە تەواوی کۆتایی پێهاتووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، کە بڕیارە رێککەوتنەکە بە شێوەیەکی فەرمی لە رۆژی هەینی داهاتووەوە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.

ئەم وەڵامدانەوە فەرمییەی تاران دوای ئەوە دێت کە لە چەند کاتژمێری رابردوودا، بەشێک لە پەیج و ئەکاونتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردبووەوە کە ئێران بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر لوبنان، بڕیاری داوە بەشداریکردن و واژۆکردنی یاداشتی لێکگەیشتنەکەی رۆژی هەینی لەگەڵ ئەمریکا هەڵبوەشێنێتەوە.