بەقایی: واژۆکردنی لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران لە لێکۆڵینەوەدایە
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بیرۆکەی واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە نێوان هەریەکە لە سەرۆکی ئەمریکا و ئێران وەک پێشنیارێک خراوەتە روو، هەروەها ئەو پرسە هێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوە و وردبینیدایە.
چوارشەممە 17ـی حوزەیرانی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەلایەن هەردوو سەرۆکی ئەمریکا و ئێرانەوە بیرۆکەیەکە کە تا ئێستاش لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت".
ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە بەرنامە و پلانەکانیاندا سەبارەت بە کۆبوونەوەی جنێڤ رووی نەداوە.
هاوکات، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، ئەمریکا و ئێران و وڵاتانی نێوەندگیر، تاوتوێی ئەگەری ئەنجامدانی رێوڕەسمی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن دەکەن، هەرچەندە بڕیار بوو رێوڕەسمەکە رۆژی هەینی بەڕێوە بچێت، بەڵام باس لە ئەگەری پێشخستنی کاتەکەی دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی ئەکسیۆس، کە لە زاری دیپلۆماتکارێکی یەکێک لە وڵاتانی نێوەندگیر و سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە گواستوویەتییەوە، رەنگە کاتی پێشنیارکراو بۆ واژۆکردنی ئەو یاداشتنامەیە هەر ئەمڕۆ چوارشەممە بێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران "ئیرنا"، سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە ئامادەنەبوونی بەرپرسانی وڵاتەکەی دەکەن لە سویسرا بە مەبەستی واژۆکردنی یاداشتی لێکگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا.
لە هەمان چوارچێوەدا، ئاژانسی "ئیرنا" لە زاری سەرچاوەکانی خۆیەوە ئاشکرای کرد، کارکردن لەسەر دەقی رێککەوتننامەی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە سەرجەم بەرەکاندا، لەوانەش بەرەی لوبنان، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە بە تەواوی کۆتایی پێهاتووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە بڕیارە رێککەوتنەکە بە شێوەیەکی فەرمی لە رۆژی هەینی داهاتووەوە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
ئەم وەڵامدانەوە فەرمییەی تاران دوای ئەوە دێت کە لە چەند کاتژمێری رابردوودا، بەشێک لە پەیج و ئەکاونتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردبووەوە کە ئێران بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر لوبنان، بڕیاری داوە بەشداریکردن و واژۆکردنی یاداشتی لێکگەیشتنەکەی رۆژی هەینی لەگەڵ ئەمریکا هەڵبوەشێنێتەوە.