ئیدارەی ترەمپ هەڵمەتی فراوانی لێسەندنەوەی رەگەزنامە دەستپێدەکات

ئیدارەی دونالد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پلانیان بۆ تۆمارکردنی لانی کەم 250 داوای یاسایی بە مەبەستی سەندنەوەی رەگەزنامە تا مانگی تشرینی یەکەم داناوە، ئەم هەنگاوە وەک پەرەسەندنێکی گەورە لە هەوڵەکانی حکوومەت بۆ سەندنەوەی رەگەزنامە لەو کەسانە دادەنرێت کە لە رێگەی وەرگرتنی مافی هاوڵاتیبوونەوە بوونەتە هاووڵاتی ئەمریکی.

پءنجشەممە 18ـی حوزەیرانی 2026، بەپێی راپۆرتێکی تۆڕی "سی ئێن ئێن" کە لە زاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دادی ئەمریکاوە گواستوویەتیەوە، تەنها لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگی ئەمساڵدا، وەزارەتی داد 29 کەیسی سەندنەوەی رەگەزنامەی دژی ئەو ئەمریکییانە تۆمارکردووە کە لە دەرەوەی وڵات لەدایکبوون، بە تۆمەتی بەدەستهێنانی رەگەزنامە بە رێگەی فێڵ و ساختەکاری.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەم رێژەیە بەراورد بە ساڵانی رابردوو رووی لە زیادبوونکردووە،  بەپێی ئامارەکانی زانکۆی سیراکیوز، لە نێوان ساڵانی 2008 تا ناوەڕاستی 2026، تەنها 166 سکاڵا بۆ ئەم مەبەستە تۆمارکرابوون، واتە بە تێکڕای ساڵانە کەمتر لە 10 کەیس.

لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی داد رایگەیاندووە، ئەمە ئامرازێکی یاساییە و کۆنگرێس پێش چەندین دەیە پەسەندی کردووە، ئاماژەی بەوەش کردووە، دەبێت ئەم دۆسیانە بخرێنە پێشینەی کارەکان بۆ پاراستنی مافی هاوڵاتیبوونی ئەمریکی و دڵنیابوونەوە لەوەی تەنها ئەو کەسانە رەگەزنامە وەردەگرن کە بە رێگەی یاسایی و شایستە بوون.

ئەو کەیسانەی تا ئێستا لە لایەن ئیدارەی ترەمپەوە تۆمارکراون، ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تۆمەتبارن بە فێڵکردن، دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان، یان دەربڕینی پشتگیری بۆ تیرۆر لە کاتی پرۆسەی وەرگرتنی رەگەزنامەدا.

وەزارەتی داد بۆ خێراکردنی ئەم پرۆسەیە، پارێزەرانی لە بەشە جیاوازەکانەوە گواستووەتەوە بۆ یەکەی سەندنەوەی رەگەزنامە، لەوانە ئەو پارێزەرانەی لە دۆسیەکانی دژە فێڵ و ساختەکاری کار دەکەن.

جەخت لەوەشکراوەتەوە، ئەم رێکارانە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە لە ناو خاکی ئەمریکا لەدایکبوون و بەپێی یاسای لەدایکبوون رەگەزنامەیان وەرگرتووە، هەروەها لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا نزیکەی 8 ملیۆن کەس لە رێگەی مامەڵەی رەگەزنامەوە بوونەتە هاوڵاتی ئەمریکی.

بۆ بەراوردکردنی ئەم هەڵمەتە، ئیدارەی پێشووی جۆ بایدن لە ماوەی 4 ساڵی حوکمڕانیدا تەنها 24 کەیسی لەم جۆرەی تۆمارکردبوو، کە زۆربەیان پەیوەندیدار بوون بە تاوانبارانی جەنگ و تیرۆرەوە.