سەردانی سەرۆکوەزیرانی پاکستان بۆ سویسرا هەڵوەشایەوە

تەلەفزیۆنی فەرمی پاکستان رایگەیاندو سەردانی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی وڵات بۆ سویسرا هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام ئاماژەی بە هۆکارەکەی نەکردووە. 

پێنجشەممە 18ـی حوزەیرانی 2026، تەلەفزیۆنی فەرمی پاکستان رایگەیاند، شەهباز شەریف سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان گەشتەکەی بۆ وڵآتی سویسرا هەڵوەشاوەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە، بڕیار وابوو شەریف لەو سەردانەدا بەشداری لە رێوڕەسمی واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا بکات.

بەپێی راگەیەندراوەکەی تەلەفزیۆنی پاکستان، سەردانی سەرۆکوەزیران بەبێ دیاریکردنی هیچ هۆکارێکی روون هەڵوەشاوەتەوە، ئاماژە بەوەش کراوە، گفتوگۆ تەکنیکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە جیاواز و بە شێوەیەکی سەربەخۆ دەستپێدەکەن.

لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، تا ئێستا سەردانی شاندی ئێرانی بۆ جنێف یەکلایی نەبووەتەوە و گفتوگۆ و راوێژەکان لەو بارەیەوە بەردەوامن.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تا ئەم ساتە هیچ بڕیارێکی کۆتایی سەبارەت بە گەشتی شاندەکەی ئێران بۆ سویسرا نەدراوە و پرۆسەی راوێژکردن هێشتا تەواو نەبووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە سبەی هەینی 19ـی حوزەیرانی 2026، هەردوو شاندی ئەمریکی و ئێرانی بە نێوەندگیری پاکستان لە سویسرا واژۆ لەسەر یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بکەن کە بۆ ماوەی 60 رۆژ کات دەدات بە هەردوولایەن بۆ ئەوە رێککەتنێکی ئاشتی لە نێوانیان واژۆ بکەن و کۆتایی بەو جەنگە بهێنن کە تاوەکوو ئێستا راوەستانی بە ناڕوونی ماوەتەوە.