موجتەبا خامنەیی رەزامەندیی لەسەر لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتن نیشاندا

رێبەری باڵای ئێران رایگەیاند: کە سەرەڕای هەبوونی سەرنج و تێڕوانینی جیاواز لەسەر یادداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتن، بەڵام دوای بەڵێنەکەی پزیشکیان بە پاراستنی تەواوی مافەکانی گەل، ڕەزامەندیی لەسەر واژۆکردنی یادداشتەکە نیشانداوە.

پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "سەرۆکی ئەمریکا بە هۆی بێتوانایی و لە گۆشەنیگای لاوازییەوە سەرجەم ئامرازەکانی خۆی بەکار هێناوە بۆ ئەوەی بگاتە واژۆکردنی ئەم یادداشتی لێکتێگەیشتنە لەگەڵ ئێراندا."

رێبەری باڵای ئێران، باسی لەوە کرد، سەرەڕای ئەوەی پێشتر تێڕوانینێکی جیاوازی هەبووە سەبارەت بە یادداشتی لێکتێگەیشتنی نوێی نێوان تاران و واشنتن، بەڵام دوای بەڵێنەکەی مەسعود پزیشکیان بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی وڵاتەکە، رەزامەندیی لەسەر یادداشتەکە دەربڕیوە.

موجتەبا خامنەیی، لە درێژەی پەیامەکەیدا پێگەی هێزەکانی ناوخۆی بەرز نرخاند و گوتی: "بەرپرسانی ئێران لە ماوەی رابردوودا هەوڵێکی زۆر و بێوچانیان داوە بۆ ئەوەی پڕۆسەی دیپلۆماسی بگەیەننە ئەم قۆناغەی ئێستا کە بریتییە لە واژۆکردنی فەرمیی یادداشتی لێکتێگەیشتنەکە لەگەڵ لایەنی ئەمریکی."

لە وەرچەرخانێکی مێژووییدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە (18ـی حوزەیرانی 2026)، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەقی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان بە شێوەی دیجیتاڵی واژۆ کرد. ئەم هەنگاوە دوای زنجیرەیەک لێدوانی توند و ململانێی توندی ناوچەیی دێت کە تێیدا ترەمپ هەمیشە جەختی لەسەر بێبەشکردنی تاران لە چەکی ئەتۆمی دەکردەوە بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتیی جیهان.

ئەم رێککەوتنە کە بە «یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد» دەناسرێت، ئامانجی سەرەکی کۆتاییهێنانە بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.

بڕیارە سبەی هەینی (19ـی حوزەیران)، رێوڕەسمێکی فەرمی لە وڵاتی سویسرا بەڕێوە بچێت. ئەم لوتکەیە بە میوانداریی پاکستان و بە پاڵپشتیی دیپلۆماسیی قەتەر رێکخراوە، کە تێیدا گفتوگۆ تەکنیکییەکانی نێوان واشنتن و تاران دەستپێدەکات. بە پێی بەندەکانی یاداشتنامەکە، هەردوو لا رێککەوتوون کە لە ماوەی 60 رۆژدا بگەنە چارەی کۆتایی و گشتگیر، هاوکات پابەندبن بە راگرتنی دەستبەجێی سەرجەم هێرشەکان لە هەموو بەرەکاندا.