هێمن هادییە سوور داوای پاراستنی مافەکانی دەکات

یەکێک لە گیراوانی لالەزار لە رێگەی نامەیەکی فەرمییەوە بۆ سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی و دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، داوای رێگریکردن لە هەوڵە بەردەوامەکانی شکاندنی کۆدی مۆبایلەکانی و دروستکردنی دۆسیەیەکی یاسایی بێگەرد بۆ پاراستنی مافەکانی دەکات.

پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، هێمن هادییە سوور، یەکێک لە گیراوانی لالەزار، لە نامەیەکی فەرمیدا کە ئاراستەی "سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی" و "دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ"ی لە هەرێمی کوردستان کردووە، سەرنج و تێبینیی ئەو لایەنە فەرمییانەی راکێشاوە بۆ هەوڵە بەردەوام و دەرەکییەکانی هەندێک کەس و لایەنی پەیوەندیدار بە دۆسیەی دەستگیرکردنیەوە، کە دەیانەوێت کۆدی مۆبایلەکانی بە زۆر و دوور لە ویستی خۆی بشکێنن.

لە پەیامەکەیدا، ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا لە زیندان، رووبەڕووی جۆرەها ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی، هەڕەشە و سووکایەتی بووەتەوە بە مەبەستی ناچارکردنی بە ئاشکراکردنی کۆدی مۆبایلەکانی؛ بەڵام ئەو تەنیا لە پێناو پاراستنی بەهاکانی ژیان و حورمەتی خێزان و ئازیزانی، بەرگریی کردووە و سوور بووە لەسەر پاراستنی مافی تایبەتێتی و دەستبەرداری ئەو مافە سادەیە نەبووە.

سەبارەت بە پاساوی دەستگیرکردنەکەشی، روونکردنەوەی داوە کە ئەم کێشەیە کاتێک دەستی پێکردووە کە هەوڵیداوە بە هانای براکەیەوە بچێت و رێگر بێت لەوەی رۆڵەی دایکان بە زۆر پەلکێشی جەنگێکی ناپێویست بکرێن.

هێمن هادییە سوور داوا لە داواکاری گشتی و دەستەی مافی مرۆڤ دەکات کە بە پێی هەر رێکارێکی فەرمی و گونجاو بێت، دۆسیەیەکی یاسایی لە دادگایەکی بێگەرددا بۆ ئەم کێشەیە دروست بکەن بۆ پاراستنی مافەکانی. 

هاوکات رایگەیاندووە، کە بەوپەڕی متمانەوە ئامادەیە بچێتە دادگا ئەگەر تێوەگلابێت لە هەر تاوانێک کە دژ بە قەوارەی هەرێم بێت، وەک (گێرەشێوێنی، ناپاکی، تیرۆر، سیخوڕی، ماددەی هۆشبەر یان هەوڵدان بۆ دەستدرێژیکردنە سەر سەروەری و سەر و سامانی گشتی).

هێمن هادییە سوور، لە کۆتایی نامەکەیدا، هیوا دەخوازێت کە دامەزراوە یاساییەکان لەسەر بنەمای حەق و دادپەروەری هاوکاریی بکەن، تا بتوانێت وەک کوردێکی ئازاد، مەدەنی و سەربەخۆ لەسەر پێیەکانی خۆی رابوەستێت و لەسەر تێکۆشان بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی خۆی و هاوڕێکانی بەردەوام بێت.