ترەمپ دەنگۆی پێدانی 300 ملیار دۆلار بە ئێران رەتدەکاتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەو زانیارییانەی رەتکردەوە کە باس لە پێدانی 300 ملیار دۆلار لە لایەن وڵاتەکەیەوە بە ئێران دەکەن، هاوکات ئەو جۆرە دەنگۆیانەی بە هەواڵی ساختە ناوبرد.

پێنجشەممە 18ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" رایگەیاند، واشنتن هیچ بڕە پارەیەک بە بڕی 300 ملیار دۆلار ناداتە ئێران، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەی بۆ ئەمریکا گرنگە بریتییە لە "سەرکەوتن، دابەزینی نرخی نەوت و بەدەستهێنانی دەستکەوت"، هەروەها ترەمپ هێرشی کردە سەر رکابەرە دیموکراتەکانی و ئەو هەواڵانەی بە پڕوپاگەندەی سیاسی وەسف کرد، داواشی کرد سەیری گەشەی بازاڕی پشکەکان بکرێت وەک بەڵگەیەک بۆ سەرکەوتنی سیاستەکانی.

ئەم رەتکردنەوەیەی ترەمپ لە کاتێکدایە، رەشنووسی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە کە رادەستی کۆنگرێس کراوە، ئاماژە بە پلانێکی هاوبەش دەکات بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووری ئێران بە بەهای لانی کەم 300 ملیار دۆلار، کە بڕیارە لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکاندا ئەنجام بدرێت.

بەپێی ئەو یاداشتەی کۆشکی سپی رەوانەی کۆنگرێسی کردووە و ئاژانسی "رۆیتەرز" ناوەڕۆکەکەی بڵاوکردووەتەوە، رێککەوتنەکە ئەم خاڵانە لەخۆ دەگرێت:

1. راگرتنی جەنگ: کۆتاییهێنانی دەستبەجێ و هەمیشەیی بە جەنگ لە هەموو بەرەکاندا لەوانەش لوبنان. هەردوولا بەڵێن دەدەن هیچ جۆرە هێرش و هەڕەشەیەک دژی یەکتر ئەنجام نەدەن.

2. سەروەریی خاک: هەردوو وڵات پابەند دەبن بە رێزگرتن لە سەروەریی خاکی یەکتر و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی یەکتر.

3. وادەی دانوستان: هەردوولا 60 رۆژ مۆڵەتیان لەبەردەمدایە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی.

4. کشانەوەی ئەمریکا: واشنتن دەستبەجێ گەمارۆی دەریایی سەر ئێران لادەبات و لە ماوەی 30 رۆژدا هاتوچۆی کەشتییەکان ئاسایی دەبێتەوە. هەروەها ئەمریکا لە ماوەی 30 رۆژ دوای رێککەوتنی کۆتایی، هێزەکانی لە ناوچەکانی دەوروبەری ئێران دەکێشێتەوە.

5. کەشتیوانی: ئێران لە ماوەی 30 رۆژدا هەموو ئاستەنگە تەکنیکییەکان و مینە دەریاییەکان لادەبات تاوەکوو هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز بۆ دەریای عومان ئاسایی بێتەوە.

6. ئاوەدانکردنەوەی ئێران: ئەمریکا و هاوبەشە ناوچەییەکانی پلانێکی گشتگیر بە بەهای کەمتر لە 300 ملیار دۆلار بۆ گەشەپێدانی ئابووریی ئێران جێبەجێ دەکەن.

7. هەڵگرتنی سزاکان: ئەمریکا پابەند دەبێت بە هەڵگرتنی هەموو جۆرە سزاکان (سەرەتایی، لاوەکی، بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئاژانسی ئەتۆمی) بەپێی خشتەیەکی کاتی.

8. بەرنامەی ئەتۆمی: ئێران دووپاتی دەکاتەوە هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت. چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێنراو و پێداویستییە ئەتۆمییەکانی تاران لە رێککەوتنی کۆتاییدا یەکلایی دەکرێنەوە.

9. پاراستنی دۆخی ئێستا: تا کاتی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، ئێران گۆڕانکاری لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ناکات و ئەمریکاش سزای نوێ ناسەپێنێت و هێزی نوێ نانێرێتە ناوچەکە.

10. هەناردەی نەوت: وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەستبەجێ مۆڵەتی تایبەت دەردەکات بۆ ئەوەی ئێران بتوانێت نەوتی خاو و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی بفرۆشێت.

11. ئازادکردنی داراییەکان: هەموو پارە و سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد دەکرێن و دەخرێنە ژێر دەسەڵاتی بانکی ناوەندیی ئێران بۆ هەر خەرجییەک وڵاتەکە بیەوێت.

12. چاودێری: میکانیزمێکی کارگێڕیی هاوبەش بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە و پابەندبوونی هەردوولا دادەمەزرێت.

13. مەرجی بەردەوامی: دوای دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی چوار، پێنج، 10 و 11، هەردوولا تەنیا لەسەر ئەو خاڵانەی ماونەتەوە دانوستان بۆ رێککەوتنی کۆتایی دەکەن.

14. پەسەندکردنی نێودەوڵەتی: رێککەوتنی کۆتایی دەبێت لە رێگەی بڕیارنامەیەکی پابەندکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند بکرێت.

چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی 60 رۆژی داهاتوودا، رێکارە تەکنیکییەکانی ئەم پلانە وەک بەشێک لە رێککەوتنی کۆتایی یەکلایی بکرێنەوە.